گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەوەند گومروكچی گوتی: "75 ھاوڵاتیی توركیا لە شاری رەمادیی عێراق لە كۆمپانیایەكی توركی كرێكارن. بۆ ئەوەی ئەو كرێكارانە بە شەڕەكە كاریگەر نەبن لeگەڵ بەرپرسانی ناوچەكە لە پەیوەندیداین."
گومروكچی جەختی لەوە كرد دوای دەستگیركردنی پەرلەمانتاری عێراقی ئەحمەد عەلوانی لە ھێرشێكی خوێناوی سوپای عێراق بۆ سەر ماڵەکەی کە تێیدا برایەکی عەلوانی و 5 پاسەوانیشی كوژران، هاتوچۆ لە ناوچەكە قەدەخە كرا.
گومروكچی ئاماژەی بەوە دا 75 ھاوڵاتی و 10 كەسی عێراقی لە كۆمپانیای پیكارۆن كە لە شاری رەمادی كاری دەكرد بەھۆی قەدەخەکردنی هاتوچۆ لە شوێنی كارەکانیان قەتیس بوون و گوتی: "سەبارەت بەم بابەتە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا فاروق قەیماغچی لەگەڵ پارێزگاری ئەنبار و ھەموو بەرپرس و نوێنەرانی كۆمپانیاكان لە پەیوەندیدایە."
گومروكچی گوتیشی: "كۆمپانیاكە داوای نەکردوە لەوێ نەمێنێ، ئەوەی دەگوترێ گوایە ناتوانرێ رزگار بكرێن دوورە لە راستی."
باڵیۆزی توركیا لە بەغدا فاروق قەیماغچی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، ھەموو كات لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پارێزگاری ئەنبار و سەرۆكە ھۆزەكانی ناوچەكە لە پەیوەندیدایە.
قەیماغچی ئاشكرای كرد ئۆپەراسیۆن دژی قاعیدە لە ناوچەكە بەردەوامە و ھەندێ جار ھەواڵی شەڕ و پێكدادانیان بۆ دێ و ھەموو كات ئاگاداری دۆخی ھاوڵاتیانی توركن.
باڵیۆزی توركیا گوتیشی لەگەڵ خاوەنی كۆمپانیای ناوبڕاو سەلامی ئۆنور قسەمان كرد، داوای دەرچوون لەو شارەی نەكرد، ئەگەر داوا بكەن لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی ھەوڵ دەدرێ بەسەلامەتی لەوێ دەربکرێن.