Halil Fidan,Cebrail Caymaz
11 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2023
عەنتاب- AA
لە شارۆچکەی ئیسڵاحییەی سەر بە پارێزگای عەنتاب، باوکێک و کچە چوار ساڵەکەی دوای ١٣٢ کاتژمێر مانەوە لەژێر داروپەردووی بینایەکی داڕوخاودا، رزگار کران.
تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ١٠ پارێزگا زیانلێکەوتووەکەی تورکیا.
لەم چوارچێوەیەشدا تیمەکان لەژێر داروپەردووی بینایەکی شارۆچکەی ئیسڵاحییە، گوێیان لە دەنگی کەسێک بوو، بەمهۆیەوە کارەکانیان لەو شوێنە چڕ کردەوە کە دەنگەکەی لێوەدەهات و لە ئاکامی ١٢ کاتژمێر کارکردندا تواندرا کیژۆڵەیەکی تەمەن چوار ساڵ بەناوی شەنگوڵ کاراباش، لە دوای ١٣٢ کاتژمێر مانەوەی لەژێر داروپەردووی بیناکاندا رزگار بکەن.
شەنگوڵی بچکۆلە لە دوای رزگار کردنی بە ئامبوڵانس گەیەندرایە نەخۆشخانە.
نزیکەی ١٠ خولەک دواتریش باوکی کیژۆڵەکە، سەزای کاراباش، دەرهێندرا و لەگەڵ بینینی تیمە فریاگوزارییەکاندا داوای لێکردن کە هاوسەرەکیشی دەربهێنن کە هێشتا لەژێر داروپەردووەکەدایە.
تیمەکانی فریاگوزاری، داوایان لە هاووڵاتییان کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن و تەنها تیمەکان بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەباشی درێژە بە کارەکانیان بدەن.