Yılmaz Kazandioğlu
07 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2026
لە وان "ڕۆژی جیهانی تاشتێ" بە مەبەستی پەرەپێدان بە کولتووری خواردنی نان و چای بەیانی ڕێکخرا.
چالاکییەکە بە دەستپێشخەریی ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان (Van TSO) و ناوچەی پیشەسازیی شارەکە لە شەقامی کەنارئاوەی شارەکە بەڕێوەچوو، خەڵکێکی زۆر لە ناوخۆی وان و شارۆچکەکانی دەوروبەری و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون.
بەشداربووانی چالاکییەکە، خواردنی بەیانی نەریتی ناوچەکە کە بریتی بوو لە پەنیری شارەکە، مۆرتۆگا و کاڤوت کە هەردووکیان جۆرێک لە خواردنی شلەمەنی شارەکەن و جاجیک، قەیماغ و هەنگوینیان پێشکەش کرا.
بەشداربووانی "ڕۆژی جیهانی تاشتێ" (نانی بەیانی)، بەو شێوەیە چالاکییە کولتوورییەکەیان بەرز ڕاگرت.
لە گوتەیەکیشدا بۆ بەشداربووان سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، نەجدەت تەقوا ڕایگەیاند کە بەختەوەرە کە نەریتێکی چەند ساڵەیان لە شارەکەیان هەر بە زیندوویی هێشتووەتەوە و لەگەڵ هەموو جیهان ئەو چالاکییە کولتوورییە هاوبەش دەکەن.
تەقوا ڕاشیگەیاند کە چالاکی "ڕۆژی جیهانی تاشتێ" بە یارمەتی وەزارەتی دەرەوە و لە ڕێگەی باڵیۆز و کۆنسوڵخانەکان لە سەرانسەری جیهاندا وەک مارکەیەک ناسراوە و گوتیشی، "ئەو مێزەی کە هەموومانی لە دەوری یەکتر کۆکردووەتەوە، تەنیا تام و چێژی خواردنەکانی بەیانی نییە، بەڵکو مێزی ئاشتی و برایەتی و هاوبەشی پێکردن و هەماهەنگییە. بەو شێوەی برایەتی خۆمان بەهێز دەکەین. تاشتێ هەزاران ساڵ کولتوورێکی هاوبەش لە خۆ دەگرێت".
نەجدەت تەقوا گوتیشی، لە ساڵی ٢٠١٤دا بە بەشداری ٥١ هەزار و ٧٩٣ کەس، گەورەترین مێزی تاشتێ'مان بە جیهان ناساند.
لە کۆتاییدا سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، نەجدەت تەقوا ڕایگەیاند کە لەو بڕوایەدایە کە بەختەوەرە میوانداری لە خەڵکێک دەکات کە لە دەرەوەی تورکیاوە بەشدارن و گوتیشی: "پێموایە ئەم پردانە بۆ دۆستایەتی کە لێرە دروست دەکرێت، یارمەتیدەری پەیوەندییەکانی بازرگانی، کولتووری و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەبن".
لە پڕۆگرامەکەدا هەروەها هەریەکە لە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری دهۆک عەلی تەتەر، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگور شێخ نەجیب بەشداربوون و بە پێدانی خەڵاتێک، ڕێز لە بەشدارییکردنییان گیرا.