Muhammet Ali Kemal
28 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2016
لەژمارەیەک گوندی سەربە پارێزگای وان، بەھۆی کەشوھەوای ساردەوە، چەندین چلورە درووستبوون کە درێژییەکەیان یەک مەتر و نیوە.
کەشوھەوای سارد و بەفر لەرۆژھەڵاتی ئانادۆڵو، کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتییان.
لەگوندی یوکاری نارلیجای سەربە وان کە پلەکانی گەرما بە شەو بۆ ٢٠ پلەی ژێر سفری سەدی دابەزێت، لەسەربانی ماڵەکان وتەوێلەکانی گوندەکەوە، ژمارەیەک چلورەی سەھۆڵی درووستبووە کە درێژییەکەیان مەترونیوێکە.
لەبەرامبەردا ھاووڵاتییان لەرێگەی بێڵ و خاکەناسەوە ئەو بەفر و پارچە سەھۆڵانە پاکدەکەنەوە کە لەبەردەم ماڵەکانیاندا کەڵەکەبووە.
لەلایەکی دیکەوە و لەگەڕەکی کرکگەچیتی شارۆچکەی گورپنار کە تێیدا ساردی کەشوھەوا زیاتر ھەستی پێدەکرێت، لقی درەختەکان و پەرژینەکان سەھۆڵیان گرتووە.
ھاووڵاتییانیش لەلایەکەوە سەرقاڵی پاککردنەوەی بەفری بەردەرگاکانیان و لەلایەکی دیکەوە ھەوڵی ئەنجامدانی کارەکانی رۆژانەیان دەدەن.
ئاژەڵدارەکان کە بەدرێژایی زستان ئاژەڵەکانیان لە تەوێلە رادەگرن و تەنھا رۆژی دووجار بۆ پێدانی ئالیک دەیانھێننە دەرەوە، لەسەر بەفرەکە شوێنێکیان دیارییکردووە بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان لێی بلەوەڕن.
یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکەکە بەناوی شابان بەرگە، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت گەڕەکی کرکگەچیت نزیکەی ٣٥ کیلۆمەتر لە شارۆچکەکەوە دوورە و زستانی ناوچەکە ئێجگار سەخت و ناڕەحەتە.
لای خۆیشییەوە ھاووڵاتییەکی دیکە بەناوی نایف ئاسڵان وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەو کەسانەی ئامادەکارییان کردووە، زستانیان ئێجگار بەو شێوە سەختە بەسەردا تێناپەڕێت، گوتیشی: ''بەڵام دیسان ژیان لێرە زۆر قورسە. تەنانەت بەرۆژیش سڵ دەکەینەوە لەوەی بێینە دەرەوە. ھەموو رۆژەکەمان بە بایەخدان بە ئاژەڵەکان تێدەپەڕێت. ھیچ چالاکییەکی دیکەمان نییە''.