دیاربەکر
سەرۆكی رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژە بەوە دەكات كە ژمارەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە و براونەتە قەندیل روو لە زیاد بوونە و داواش دەكات كە هەرچی زووترە، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەو منداڵانە رادەستی خێزانەكانیان بكاتەوە.
سەرۆكی رێكخراوی مەدەنی دەستپێشخەری پرۆسەی چارەسەریی ئەرجان ئەزگین لە راگەیەنراوێكیدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە ئێستادا بەهۆی پرۆسەی چارەسەریەوە پەكەكە لە توركیا كشاوەتەوە بەڵام بە ئاراستەیەكی پێچەوانەوە ژمارەیەكی زۆر بەشداریی لە ریزەكانی پەكەكەدا دەكەن و نموونەی ئەو تەرمانەش دەهێنێتەوە كە لەناو ریزەكانی یەپەگەدا گیانیان لەدەست داوە و رەوانەی توركیا كراونەتەوە.
ئەزگین باس لەوە دەكات بەپێی زۆر رێككەوتننامە و بەڵێننامەی نێودەوڵەتی، كار پێكردنی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ساڵ قەدەغە كراوە و دەڵێت: "لە چ بیروباوەڕێكدا هەیە، چەك بدەیتە دەست منداڵێكی ١٤ ساڵ و ١٥ ساڵ بۆ ئەوەی لەجەنگدا بكوژرێت. جێگەی منداڵ تەنیا باوەشی دایكی و خوێندنگەیە، دەبێت هەرچی زووترە ئەو منداڵانە بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو كەسوكاریان".