Ekrem Payan, Mehmet Sıddık Kaya
06 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2026
وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا، مەھمەت نوری ئەرسۆی ڕایگەیاند کە حکوومەت دەیەوێت مەدرەسەکان تەنھا شوێنی خوێندنەوە نەبن، بەڵکو ببنە ناوەندی بەرھەمھێنان، داھێنان و دەرفەت بۆ گەنجان و توێژەران، جەختیشی لەوە کردەوە کە کارەکانی پەیوەندیدار بە نۆژەنکردنەوەی مەدرەسەی فەقێ تەیران دەستپێدەکات و بە خێرایی دەیخاتە ناو بەرنامەی ساڵی ٢٠٢٧ـەوە.
ئەرسۆی بۆ چەند چالاکییەکی فەرمی گەیشتە پارێزگای شرنەخ. سەرەتا سەردانی پارێزگاکەی کرد و دواتر بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کردنەوە کتێبخانەی گشتی شرنەخ کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە ڕۆژی دەستبەکاربوونییانەوە گرنگیی بە خزمەتگوزارییەکانی کتێبخانەکان دەدەن.
کتێبخانەی گشتیی نوێی شرنەخ هەشت هەزار و ٣٩٠ مەتر چوارگۆشە ڕووبەری داخراوی هەیە و توانای وەرگرتنی هەزار و ٤٧٥ خوێنەری هەیە، هەروەها نزیکەی ٦٢ هەزار کتێب لە خۆ دەگرێت، کتێبخانەکە بەشە تایبەتەکانی منداڵان، هۆڵەکانی خوێندنەوە و توێژینەوە، ژووری خزمەتگوزاریی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، وۆرکشۆپ، هۆڵی کۆنفرانس، مالتیمیدیا، کافتریا و مزگەوتی تێدایە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا، مەھمەت نوری ئەرسۆی ڕایگەیاند کە میراتی فەرھەنگیی شرنەخ، نموونەیەکی زۆر جوانە بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم بابەتە".
ئەرسۆی گوتیشی: "ئەم ناوچەیە زێدی شاعیر و بیرمەندی ناوداری کورد مەلا ئەحمەدی جەزری و هەروەها ئەحمەدی خانی، نووسەری مەم و زینە، پاراستنی ئەم میراتە و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داھاتوو ئەرکێکی گرنگی کتێبخانەکانە، ئەم خاکە دەستپارێزیی زنجیرەیەک مێژووی شارستانییەتی و فەرھەنگیی بێوێنەیە کە مزگەوت، مەدرەسە، قەڵا و گۆڕستانەکان شایەدحاڵی بۆ دەدەن، لێرەدا کتێبخانەکانمان ئەم بەرپرسیارەتییە قورسە لە ئەستۆ دەگرن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. بەم ھۆشیارییەوە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا کتێبخانە گشتییەکانی قەزاکانی ئیدیل، وەلۆدەیر، سلۆپی و گۆچلکۆناگمان نوێکردەوە و بە شێوازێکی گونجاو لەگەڵ تێگەیشتنی خزمەتگوزاریی سەردەمییانەدا پێشکەش بە ھاووڵاتییانمان کرد".
لە درێژەی قسەکانییدا، ئەرسۆی گوتیشی: "لە ژێر سەرکردایەتیی بەڕێز سەرکۆمارماندا، وەک ھەموو بوارەکانی دیکە، لەم بوارەشدا بە خزمەتگوزاریی و بەرھەمەکانمان بەردەوام دەبین لە پێشەنگبوون، تایبەتمەندبوون و بوون بە نموونە".
وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا، مەھمەت نوری ئەرسۆی لەبارەی مەدرەسەی فەقێ تەیرانەوە گوتی: "پەرلەمانتاری بەڕێزمان (ئارسلان تاتار) داواکارییەکی ھەیە. با لێرەوە بەڵێنی پێبدەین. ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای ئەوقاف قسە دەکەم. کارەکانی پەیوەندیدار بە مەدرەسەکە دەستپێدەکەم و پشت بەخوا بە خێرایی دەیخەمە ناو بەرنامەی ساڵی ٢٠٢٧ـەوە".
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، پەرلەمانتاری ئەکپارتی لە شرنەخ، ئارسلان تاتار ئاماژەی بە کەلەپووریی فەرھەنگیی ھەزارساڵەی شرنەخ دا و گوتی: "ئەم خاکە چەندین زانا، شاعیر و کەسایەتیی پێگەیاندووە، ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی کردنەوەی بۆ دەکەین، دەبێتە ناوەندێکی بەھێز و نەوەکانی داهاتوو بەو میراتە گەورەیە شاد دەبنەوە. دیدگای 'سەدەی تورکیا' کە لەلایەن سەرکۆمارمان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان خراوەتەڕوو، نەک تەنھا پەرەپێدانی ئابوورییە، بەڵکو لە ھەمانکاتدا تێورێکی مەزنی شارستانی لەخۆ دەگرێت کە فەرھەنگ، ھونەر، پەروەردە و مرۆڤ دەکاتە بنەمای گەشەپێدان".