Mazın Asad
16 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2016
باکو
بریکاری سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاژانسی ئانادۆڵو شابان کزڵداغ گوتی: "بەداخەوە میدیاکانی جیھان بەرپرسیارێتی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکان بەشێوەیەکی بێلایەن لە ھەوڵی کودەتا خوێناوییەکەی فەتۆ جێبەجێ نەکرد".
کزڵداغ لە گوتەیەکی لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاژانسە ھەواڵەکانی جیھان لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان، رایگەیاند سەرەڕای نایەکسانی، شەڕ، ھەژاری، نەخۆشی، توندوتیژی و جیاکاری، کەچی جیھان گۆڕانکاری بەسەر ھاتووە و مرۆڤایەتیش بەرەو پێشەوە چووە.
کزڵداغ لەبارەی ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی ناسراو بە فەتۆ، رایگەیاند لە شەوێکدا ویسترا گشت دەستکەوتەکانی دیموکراسی لەناو ببردرێت.
بریکاری سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاژانسی ئانادۆڵو بە نموونەوە ئاماژەی بە ھەواڵەکانی میدیاکانی رۆژئاوا دژ بە تورکیا لە شەوی ھەوڵی کودەتاکە کرد و رایگەیاند لە کاتێکدا سەرکردەیەک کە بە رێگەی دیموکراسی ھەڵبژێدراوە و لە ھەوڵی کودەتاکەدا ھەوڵی دەستگیرکردن و کوشتنی درا، لەو قۆناغەدا بە ئۆتۆریتەر تۆمەتبار کرا.
کزڵداغ گوتیشی: "بەداخەوە میدیاکانی رۆژئاوا بەرپرسیارێتی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکان بەشێوەیەکی بێلایەن لە ھەوڵی کودەتا خوێناوییەکەی فەتۆ جێبەجێ نەکرد. ھاوکات میدیاکانی رۆژئاوا بێجگە لە قۆناغی ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز دواتر، ھەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان دەربارەی کودەتاکەی میسر نیشان نەدا، کە سەرکردەی ھەڵبژێدراوی ئەو وڵاتە مورسی بە ناحەقی دەستبەسەر کرا و خرایە زیندانەوە، لەکاتێکدایە خۆیان بە لایەنگری دیموکراسی و سەربەخۆیی دادەنێن".