Ramal Mahmood
16 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2016
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نومان کورتوڵموش لەبارەی دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان لەمیانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر تیرۆر، رایگەیاند "ئەوەی پشتگیری تیرۆریستانی کردبێت باجەکەی دەدات. هەم بەدەنگی خەڵک هەڵدەبژێرێیت و هەم ئەو توانایەی بەهۆی باجی خەڵکەوە بەدەستی دەهێنیت پشتگیری تیرۆریستانی پێ دەکەیت. ئەوە هەرگیز قبووڵ ناکرێت".
کورتوڵموش بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوینەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە خواردنگەیەکی شارۆچکەی ئۆرهانگازی سەربە پارێزگای بورسە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک لەبارەی دەستگیرکردنی هەردوو سەرۆک شارەوانی دێرسم و سێرت، کورتوڵموش بەبیری هێنایەوە کە تورکیا لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردووەوە بەشێوەی هاوکات و فرە رەهەند بەردەوامە لە بەرەنگابوونەوەکانی. ئەوەشی خستەڕوو کە کرۆکی ئەم بەرەنگاربوونەوەیە جەنگە بەمەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی وڵات و لەناوبردنی هێرشە بۆمبییەکان و خەندەقەکان و پاککردنەوەی گوندەوار و شارەکان لە تیرۆریستان.
کورتوڵموش سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە تەنها ئەو کەسانەی چەکیان بەدەستەوەیە یاخود بۆمبیان پێیە تیرۆریست نین، لەم بارەیەوە گوتی: "هاوزەمان بەرەنگاری ئەوانەیش دەبینەوە کە لەپشت رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوەن و لە ناوەوە و دەرەوەڕا هاوکاری لۆجیستیک، پشتگیری سیاسیی و دابینکارانی چەک یارمەتی تیرۆریستان دەدەن. خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەمە دەنگی بەوان داوە تاکو خزمەتگوزاریان پێشکەش بکەن و بەدەم داواکاری هاووڵاتییانەوە بچن. بۆ ئەوەی رێگا، پارکیان بۆ دروست بکەن و شارەکان پاک رابگرن. خەڵک بۆ ئەوە دەنگی پێ نەداون چاڵ هەڵکەنن و بۆمب بخەنە ناو چاڵەکان و یارمەتی تیرۆریستان بدەن. من تەنها مەبەستم لەو دوو سەرۆک شارەوانییە نییە. با واز لەوەبهێنین کە ئەوان رووبەڕووی چی بوونەتەوە و بە چی تۆمەتبار کراون. ئەو سەرۆک شارەوانیانەی پشتگیری تیرۆریستانیان کردووە پێش هەموو کەس ناپاکیان لە دەنگدەرانی خۆیان کردووە. دەبێت لەوانە بپرسرێتەوە. خەڵک بۆ ئەوە دەنگی پێ نەداون تاکو چاڵ هەڵکەنن و بۆمب بنێنەوە. بۆیە دەنگیان پێ داون تا خزمەتیان بکەن. ئەوەی پشتگیری تیرۆریستانی کردبێت باجەکەی دەدات. هەم بەدەنگی خەڵک هەڵدەبژێرێیت و هەم ئەو توانایەی بەهۆی باجی خەڵکەوە بەدەستی دەهێنیت پشتگیری تیرۆریستانی پێ دەکەیت. ئەوە هەرگیز قبووڵ ناکرێت. لەهیچ شوێنێکی جیهان شتی وا قبووڵ ناکرێت. یان بە دیموکراسیانە دێیتە مەیدان یان لە دەرەوەی دیموکراسییەت دژی گەل بوەستنەوە و پشتگیری ئەو کردەوانەی تیرۆریستان بکە و باجی ئەوەش بدە".