Muhammet Ali Kemal
12 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
ئیستابوڵ - AA
وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی تورکیا، فاتمە بەتول سایان کایا لە ئەڵمانیاوە بەفڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتەوە ئیستانبوڵ. کایا لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، بەرات ئاڵبایراک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد.
- ''شەوێکی زۆر سەختمان لە هۆڵەندا بەڕێ کرد''
فاتمە بەتول سایان کایا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد مامەڵەیەکی زۆر نامرۆڤانە و نا ئەخلاقیانەیان لەگەڵ کراوە و گوتی: ''لەو هۆڵەندایەی کە باس لە دیموکراسی، ئازادی و ئازادی بەیان دەکرێت، شەوێکی زۆر سەختمان بەڕێ کرد. کارگوزاری کۆنسوڵخانەکەمان دەستبەسەر کرا. پاسەوانەکانی من و راوێژکارەکەم دەستبەسەر کرا. منیشیان بەیاوەری تیمێکی پۆلیس بەرەو ئەڵمانیا برد و لە بنکەیەکی پۆلیسی سەر سنوور یەک کاتژمێر و نیو رایانگرتین. زۆر بەبێ ئەدەبی و توند مامەڵەمان لەگەڵ کرا".
- ''بەتەواوی ئازادی رادەربڕین و مافی کۆبوونەوەیان پێشێل کرد''
وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی تورکیا، فاتمە بەتول سایان کایا باسی لەوەکرد کە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی کاری هاوڕێ وەزیرەکانیان کارێکی دژبە دیموکراسییە و رایگەیاند ''پێمانوایە پێویستە چاو بەو هەڵوێستەدا بخشێنرێتەوە. ئەمە کارێکی دژە دیموکراسییە. ئێمە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هاووڵاتییانمان و باسکردنی سیستەمی نوێی حوکمڕانی چووینە ئەوێ. بەڵام بەتەواوی ئازادی رادەربڕین، مافی کۆبوونەوەیان پێشێل کرد. شەوی رابردوو لە هۆڵەندا هەموو ئازادییەکان هەڵپەسێردران. لەوێ مامەڵەیەکی زۆر نامرۆڤانەیان بەرامبەر ئەو هاووڵاتییانەمان کرد کە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئێمە هاتبوونە ئەو ناوچەیە، بەئەسپ و سەگ پەلامار دران".
- ''لە هۆڵەندا شەوی رابردوو لە پڕ باری نائاسایی راگەیەنرا''
وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی فاتمە بەتول سایان کایا جەختی لەوەکردەوە پۆلیسی هۆڵەندا لەرێگەی سەگ و ئەسپەوە پەلاماری رۆژنامەوانانیان داوە و گوتی: "ئەو هۆڵەندایەی کە باسی لە ئازادی میدیا بۆ ئێمە دەکرد، شەوی رابردوو میدیاکارانی لە سەر زەوی رادەکێشا و زۆر مامەڵەیەکی توندیان لەگەڵ دەکردن. بە ئەسپ و سەگ هێرشیان کردە سەر میدیاکاران. لە هۆڵەندا شەوی رابردوو لە پڕ باری نائاسایی راگەیەندرا. بۆ رۆژێک باری نائاسایی راگەیەنرا".
- ''پێویستە هەموو جیهان ئەو مامەڵەیە ئیدانە بکات''
فاتمە بەتول سایان کایا گوتیشی: "پێمانوایە سیاسەتمەدارە بەویژان و بەئاگاکانی خۆرئاوا کە ئەو رووداوانە لە ناخەوە ئیدانە دەکەن، پێویستە دەری ببڕن و دەبێت هەموو جیهان ئەو مامەڵە دوور لە دیپلۆماسی و نامرۆڤانەیە ئیدانە بکات".
- بەرات ئاڵبایراک: ''شەوێکی شەرمهێنەر بوو بۆ هۆڵەندا و دیموکراسی ئەورووپا''
لای خۆیشییەوە وەزیری وزە و سەرچاو سرووشتییەکانی تورکیا، بەرات ئالبایراک وێڕای ئاماژەدان بەوەی هۆڵەندا بەگرتنە بەری ئەو رێکارە کەوتووەتە هەڵەیەکی گەورەوە و، رایگەیاند "شەوی رابردوو بۆ هۆڵەندا و بۆ دیموکراسی ئەورووپا و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی شەوێکی شەرمهێنەر بوو. چونکە هەموو ئەو کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەو شوێنە کە بەلانکەی دیموکراسی ناسراوە پێشێل کرا. شەوی رابردوو لەبەر چاوی دونیا هەموو ئەمانەمان بینی. نازانم دەتوانین لە روانگەیەکی لۆجیکییەوە ئەم هەڵوێستە فاشییە نازییانە هەڵبسەنگێنین یان نا بەڵام باشترە ئەوە بەڕای گشتی بسپێرین. ساڵانێکی زۆر لەم بوارەدا دەرسیان بەتورکیا دەگوت و بەیانیان دەکەین ئەم هۆڵەندایە بوو. بەم هەڵوێستەیان بەڕاستی هەڵەیان کرد".
- ''تورکیا ئەوەی کە پێویست بێت ئەنجامی دەدات''
بەرات ئاڵبایراک جەختی لەوەکردەوە کە تورکیا وڵاتێکی گەورە و بەهێزە و رایگەیاند ''با هیچ کەس و لایەنێک و هاووڵاتییەک لە ناوە و دەرەوەی وڵات گومانی نەبێت کە بەڕەچاوکردنی یاسای نێودەوڵەتی و دیموکراسی ئەوەی پێویست بێت دەکەین و دەیگرینە بەر. با هیچ هاووڵاتییەکمان لە دەرەوە و ناوەوەی ولات گومانی لەوە نەبێت".
- سکانداڵی دیپلۆماسی لەلایەن هۆڵەنداوە
حکوومەتی هۆڵەندا رێگریی لەسەردانی هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری خێزان و سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان، فاتمە بەتول سایان کایا کرد لەوەی سەردانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەیان بکەن و لەگەڵ رەوەندی تورکی لە هۆڵەندا کۆببنەوە.
لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای کرد باڵیۆزی هۆڵەندا لە ئەنقەرە کە لە ئێستادا بەمەبەستی بەسەربردنی پشوو لە دەرەوەی تورکیایە، بۆ ماوەیەک نەگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
هاوکات پۆلیسی هۆڵەندا بەرەنگاری خۆپیشاندەرە تورکەکان ببوویەوە. پێش ئەوەش کە رێگریی لە فاتمە بەتول سایان کایا کرا سەردانی کۆنسڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری رۆتردام بکات، پاسەوانەکانی ناوبراوی دەستبەسەر کردبوو. پاشان پۆلیس هەوڵی ئەوەی دابوو کە کایا لە ئۆتۆمبیلەکەی دابەزێنێت و لە رێگەی کرێنەوە ئۆتۆمبیلەکە بگوازێتەوە. بەڵام دوای ئەوەی کە ناوبراو ناچار دەبێت دەرگای ئۆتۆمبیلەکەی بکاتەوە، بەیاوەیی پۆلیس و بەئۆتۆمبیلێکی دیکە دەبرێتەوە بۆ ئەڵمانیا.