ئاكسارای
سەرۆكی رێكخراوی پیشەسازان و كارسازانی توركیا و عێراق نەواف كلیچ گوتی: "لە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2014دا رێژەی مانگانەی هەناردە كردنی توركیا بۆ عێراق یەك ملیار دۆلار بوو، لە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2015دا ئەو رێژەیە بۆ 650 ملیۆن دۆلار دابەزیوە و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو رێژەی هەناردەی توركیا بۆ عێراق سەدا 35 دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە و رووداو پێشهاتەكانی ئەم دوایەی ناوچەكە كاریگەرییەكی یەكجار زۆریان لەسەر هەناردە توركیا كردووە".
كلیچ بە ئانادۆڵو گوتی: "بازاڕی كاری عێراق بۆ كارساز و پیشەسازە توركەكان زۆر گرنگە و دوای ئەڵمانیا زۆرترین رێژەی هەناردەی توركیا بۆ عێراق بووە. لە بواری ئابووریدا عێراق لە رەوشێكی باش دایە بەڵام لە عێراق وەبەرهێنان زۆر كەمە بۆیە ئەو بەرهەمانەی هەناردەی عێراقیان دەكەین بازاڕیان زۆر گەرمە بە تایبەتی لە بواری بیناسازی و بەڵێندەرایەتیدا ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار پڕۆژەی جیاجیا ئەنجام دەدەین و حاڵی حازر تەنیا لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە هەزار و 500 كۆمپانیای توركی كار دەكەن و لە نێو بازاڕەكاندا پێشوازییەكی یەكجار گەرم لە ماركەكانی توركیا دەكرێت و سەدا 90ی ماركەكانی نێو ئەو بازاڕانە ماركەكانی توركیان".
كلیچ گوتی: "بە هۆی نائارامی و ئاڵۆزییەكانی نێًوخۆیی عێراقەوە رێژەی هەناردەیش تووشی تەگەرە بووە، رێژەی هەناردەی توركیا بۆ عێراق ساڵی 2013 نزیكەی 12 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ساڵی 2014 بە هۆی نائارامییە نێوخۆیی ئەو رێژەیە بۆ 10.6 ملیار دۆلار دابەزی و لە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2014دا مانگانە یەك ملیار دۆلار هەناردەی توركیا بۆ عێراق هەبووە بەڵام لە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2015دا ئەو رێژەیە بۆ 650 ملیۆن دۆلار دابەزیوە و بەو جۆرە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو رێژەی هەناردەی توركیا بۆ عێراق سەدا 35 دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە".
كلیچ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "لەو ناوچانەی عێراق كە دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندی نەماوە كێشە و گرفتەكان زۆرتر و گەورەترن بە تایبەتی لە مووسڵ، تكریت، فەللوجە، رومادی ، حاڵی حازر حكوومەتی ناوەندی لەو ناوچانەدا بوونی نییە و بێگۆمان خەڵكی ئەو ناوچانەیش رووبەڕووی كێشە و گرفتی زۆر گەورە بووەتەوە و ئێمە دەمانەوێت كۆتایی بەو ئاڵۆزی و نائارامییانە بهێنێرێت و عێراق بگەڕێتەوە بۆ رۆژانی رابردوو چونكە بە بەراورد لەگەڵ بازاڕی وڵاتانی دیكەدا بازاڕی عێراق بۆ كۆمپانیاكانی توركیا باشترە".