Ramal Mahmood
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
بەڕێوەبەرایەتیی گەشتیاری و کولتووری وان، دەستی بە چالاکییەکانی کردووە بە مەبەستی ئەوەی دەریاچەی وان بخاتە ناو لیستی میراتی جیهانی یونسکۆ بەوەی کە بەرزترین رێژەی کاربۆناتی سۆدیۆمی تێدایە.
دەریاچەی وان بە جوانییە دڵڕفێنەکەی، دیمەنی سیحرئامێزی و ئاوەکەی کە رێژەیەکی زۆری کاربۆناتی سۆدیۆمی تێدایە سەرنجی ئەو گەشتیارانە بۆ خۆی رادەکێشێت کە دێنە شارەکە، مەبەست لە خستنە ناو لیستی میراتی جیهانیش پاکڕاگرتنی دەریاچەکەیە.
بەڕێوەبەری گەشتیاری و کولتووری وان، موزەفەر ئاکتوغ لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بۆ پاکڕاگرتنی دەریاچەکە و پێشگرتن لە چوونە ناوەوەی لاڤا کە لە ئاکامی تەقینەوەی چیا گڕکانییەکانی ناوچەکە درووست دەبێت، دەیانەوێت دەریاچەی وان بە جیهان بناسێنن.
ئاکتوغ بەبیری هێنایەوە کە پێشتر لەناو شوێنە گرنگەکانی ناوچەکە، قەڵای وان و دوورگەی ئاکدەمیر خراونەتە لیستەی کاتی میراتی جیهانی. راشیگەیاند بۆ هەمان بەمەبەست دەستیان کردووە بە چالاکییەکانیان بۆ ئەوەی دەریاچەی وانیش بخەنە ناو ئەو لیستە.
ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەریاچەی وان بۆ شارەکە بەهایەکی زۆر گرنگی هەیە بەڵام تا دێت پیستر دەبێت و گوتی: "بۆ ئەوەی هەرچی زووە بخرێتە ناو لیستی میراتی جیهانی هەوڵەکانمان دەست پێکردووە. لەو بارەیەوە رێنماییمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتیی مۆزەخانەی وان. بەهەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی یوزونجو یڵ لە هەوڵ و چالاکییەکانمان بەردەوام دەبین".
ئاکتوغ ئاماژەی بەوە دا کە دەریاچەی وان تاکە دەریاچەیە لە جیهان کە بەرزترین رێژەی کاربۆناتی سۆدیۆمی تێدایە و گوتی: "ئاوی دەریاچەی وان بۆ تەندروستی مرۆڤ زۆر باشە، ئەمەش بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەوەکان سەلمێنراوە. ئێمە نەهاتین بانگەشە و ریکلام بۆ ئەمە بکەین. لەڕێگەی ئەم هەوڵانەمانەوە دەمانەوێت بخرێتە ناو لیستی یونسکۆ، پێموایە لەو رێیەوە دەریاچەکە رزگاری دەبێت. بەپێچەوانەوە لە ئاکامی ئەو پیسبوونەدا دەریاچەکەمان لەناودەچێت. تا دێت پیستر دەبێت، پێویستە بکەوینە خۆ و بەجدی خەمی لێبخۆین. پێویستە ئەو بەها گرنگ و بەرچاوەی شارەکامان بپارێزین. لە ماوەیەکی کەمدا دۆسییەکانمان ئامادە دەکەین و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان بکەین. لەو باوەڕەداین دەریاچەی وان هاوشێوەی شوێنەکانی دیکە دەخرێنە ناو لیستەکە".
راگری زانکۆی یوزونجو یڵ، پرۆفیسۆر دکتۆر پەیامی باتتاڵ رایگەیاند کە پرۆژەی خستنە ناوی دەریاچەی وان بۆ لیستی میراتی یونسکۆ لەکاتی خۆی دواکەوتووە. ئاماژەی بەوەش دا کە دەریاچەی وان یەکێکە لەشوێنە هەرە گرنگەکانی جیهان و هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ تاکو بیخەنە ناو لیستی میراتی جیهانی.