Mustafa Ünal Uysal,Serkan Avci,Ozan Efeoğlu,Murat Pancar
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2022
مێرسین - AA
لە زەوی و ئاسمانەوە، هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی دارستانی قەزای گوڵنار کە بەرەبەیانی دوێنێ دەستی پێ کردبوو و بەهۆی کاریگەریی باوە بەرەو گەڕەکی خرمانلی شارۆچکەی سیلیفکە تەشەنەی سەندبوو، بەردەوامن.
بەهۆی ئاگرەکەوە کە بە شوێنە جیاوازەکانی گەڕەکەکەدا بڵاوبووەتەوە، وێستگەیەکی سووتەمەنی، شوێنێکی پشوودان و بەشێک لە خانووەکان لە گەڕەکەکە چۆڵکران.
بە درێژایی شەو، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە پاڵپشتی سێ هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان دا.

ئاگرەکە کە بۆ خاڵە جیاجیاکانی گەڕەکی یەشیلۆڤاجک بڵاوبووەتەوە لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە لە زەوی و ئاسمانەوە، هەوڵی دامرکاندنەوەی دەدرێت.
لەسەر رێگەی وشکانی D-400ی مێرسین-ئانتاڵیاشدا کە بەهۆی ئاگرەکەوە بە رووی هاتوچۆدا داخراوە، گرتنەبەری رێوشوێنەکان بەردەوامن.
بەهۆکارێک کە هێشتا دیار نییە، دوێنێ ئاگر لە دارستانی ناوچەی بویوکئەجەلی کەوتووبووەوە، جگە لە مێرسین تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی سەربە ئادانا، ئانتاڵیا و قۆنیا، هەروەها فڕۆکە و هێلیکۆپتەر پاڵپشتی هەوڵەکانیان کرد بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ناوچەکەدا.
لە کاتژمێرەکانی سەرلەئێوارە ئاگرەکە بەرەو گەڕەکی خرمانلی-ی شارۆچکەی سیلیفکە تەشەنەی سەند، بەهۆی ئاگرەکەوە کە لە دوو قەزا کاریگەر بوو، ٣٠٣ خانوو چۆڵکران و ٧٩٠ کەس گواسترانەوە.
