Mustafa Deveci
26 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2022
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، پەیامێکی سەرکۆنەکردنی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەی کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی وەزارەتی دەروەی تورکیادا ھاتووە "بەتوندترین دەربڕین سەرکۆنەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە کراوەتە سەر ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە پارێزگای ئەنبار".
لە پەیامەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ئاواتەخوازن لە کورتترین ماوەدا ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەستگیربکرێن و ببرێنە بەردەم دادگا و جەخت لەوە کراوەتەوە کە تورکیا، بەردەوامە بەشێوەیەکی بەھێز پاڵپشتیی عێراق بکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
شەوی ٢٥ی کانوونی دووەم، ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە شارۆچکەی گەرمە سەربە پارێزگای ئەنبار و لە ئەنجامدا دوو کەس برینداربوون.