Ömer Olcay
03 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
وهزارهتی ناوخۆی توركیا بڵاویکردەوە کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوخۆدا لە میانی هەفتەی رابردوودا، ١٤ تیرۆریست لە چالاکی خراون کە دووانیان بە ناو لە ئاستی باڵادا بوون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێخکراوە تیرۆریستییەکاندا، هێزە ئەمنییەکان لە نێوان رۆژانی ٢٦ی تشرینی دووەم بۆ سێی کانوونی دووەمدا، دوو هەزار و ٨٣٦ ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە هەزار و ١٦٣ کەس (٥٩٨یان بە هۆی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە، ١٠یان بە هۆی رێکخراوە تیرۆریستییە چەپڕەوەکان، ١٧یان بە هۆی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ٥٣٨یان بە هۆی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆوە) بە تاوانەکانی تیرۆر و بە تۆمەتی هاوکارییکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان یان بوونی پەیوەندیی پێیانەوە، دەستبەسەرکراون. ئەمە جگە لەوەی سێ هەزار و ٣٣٨ بە تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتییەوە و ١٥٣ کەس لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییدا، دەستبەسەرکراون. سەرجەمی دەستبەسەرکراون دەکاتە چوار هەزار و ٦٥٤ کەس.
هەروەها لە میانی هەفتەی رابردوودا لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوخۆدا، ١٤ تیرۆریست لە چالاکی خراون (سێیان کوژراون، شەشیان دەستگیرکراون و پێنجیان خۆیان رادەستکردووەتەوە). لەنێو ئەو تیرۆریستانەی لە چالاکی خراون دووانیان بەناو لە ئاستی باڵادا بوون.