ئەنقەرە
وەزیری ناوخۆی تورکیا موعەمەر گولەر، لەبارەی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری تورکیا- سوریا گوتی: "ئەوەی ئێستا دەکرێ تەنیا تەلبەندکردنی سنووری ئەو ناوچەیەیە. کاری بەمشێوەیە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکیەکانی دەوڵەت، بەڵام ئێستا لەناو رای گشتی سەبارەت بە دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری نێوان نسێبین و قامشلۆ چەندین بانگەشە دەکرێ."
گولەر بەبیری ھێنایەوە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بولەند ئارنچ جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکومەت لەوبارەیەوە لێدوانی داوە: "مەسەلەی دروستکردنی دیوار لە ئارادا نییە. ئەوەی دەکرێ تەلبەندکردنی ئەو ناوچەیەیە. منیش ھەمان شت دووبارە دەکەمەوە."
گولەر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "ئەو کردەوە بۆ خۆپاراستنە لە سنووری مینڕێژکراوی نێوان قامشلۆ و نسێبین، ھەروەھا بۆ پاراستنی ئاسایش و سامانی ھاووڵاتیانە لە ھەر رووداوێک کە لەوانەیە لەو دیوی سنوور بێنە ئاراوە. ئەوەی ئێستا دەکرێ تەلبەندکردنە. ئەرکێکی بەم شێوەیە ئەرکی سەرەکی دەوڵەتە."
گولەر، پێیوایە ھەندێک لایەن دەخوازن مەسەلەکە بەرەو ئاراستەیەکی تر بگۆڕن: "دەخوازن لەوبارەیەوە نیگەرانی جیاواز دروست بکەن بۆ ئەوەی ھێزەکانی ئاسایش و ھاووڵاتیان رووبەڕوی یەکتر بکەنەوە. دروستکردنی ھیچ جۆرە دیوارێک لە ئارادا نییە."