ماردین
لەلایەن لقی (نسێبین)ی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی زمانی کوردی بۆ خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک (کوردی-دەر) ھەزاران واژوو کۆکرانەوە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارۆجکەی نسێبین کران.
گرووپێک کە لە(عەیشە گۆکان) سەرۆکی شارەوانیی نسێبین، (عەبدولباری ئەرەن) بەرپرسی سەرۆکایەتی بەدەپەی شارۆجکەی نسێبین، (عەبدوڵا گۆکچە) نوێنەری سەندیکای (Eğitim-sen) و (بێریڤان باش) سەرۆکی لقی نسێبین کوردی-دەر پێکھاتبوو، لەبەردەم (ناوەندی کەلتووریی میتاننی) کۆبوونەوە.
بێریڤان باش سەرۆکی لقی نسێبین کوردی-دەر گوتی "ئێمە داوای پەروەردە بە زمانی دایک دەکەین، نەک زمانی کوردی ببێتە وانەیەک کە بەئارەزوو ھەڵبژێردرێ".
باش ھەروەھا گوتی" حکومەت لە جیاتی ئەوەی داواکاریەکەمان بەجێبێنێ دەیەوێ بە شتە بجکۆلەکان ھەڵمان بخەڵەتێنێ. ئێمە دەمانەوێ زمانی پەروەردەی منداڵەکانمان کوردی بێ، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا بە تورکی و کوردی ٣ ھەزار حاڵنامەی واژوکراومان کۆکردەوە و بەنیازین بیدەن بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارۆچکەی نسێبین".
کاتی گرووپەکە گەیشتە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نسێبین، بەڕێوەبەر عیزەدین ئایدن لەوێ نەبوو، حاڵنامەکە درانە جێگرەکەی نەجات یەڵدز.