پەرلەمانتاری پارتی ئاشتی و دیموکراتی ئۆزدال ئوچەر، لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریست نییە و سەربەرزم کە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانم." لە سەر ئەو قسانە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئایشەنور باخچە کاپڵ، سەرکۆنەی ئوچەری کرد و سزای شەرمەزارکردنی سەپاند بەسەر ئوچەردا.
ئەو قسانەی ئوچەر بووە هۆی ناڕەزایی بەشی زۆری پەرلەمانتارانی جەهەپە و مەهەپە و ئاکپارتییش.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە ئۆکتای ڤۆراڵ، رایگەیاند: فراکسیۆنەکەیان بەو سزا کەمە رازی نابێ کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەپاندوویەتی بەسەر ئوچەردا.
لە لایەکی دیکە ماھیر ئونڵو، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لەبارەی قسەکانی ئوچەر گوتی: "پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستە. ٢٥ ساڵە ئەو حزبە رێگەی توندوتیژیی بەکار دەھێنێ، ئەمە راستییەکە و نکوڵی لێ ناکرێ. ئێمە پابەندی دەستووری وڵاتەکەمانین و دژی قسەکانی ئوچەرین."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە ئەنگین ئالتای، بە توندی قسەکانی ئوچەری سەرکۆنە کرد و گوتی: "ئوچەر ھەڵەی کرد پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستە. رێگە بە کەس نادەین لە ناو پەرلەمانی تورکیا ستایشی پەکەکە بکا. قسەکانی ئەرداڵ شەرمەزار دەکەین. چونکە حکومەت حەفتانە لەگەڵ سەرۆکی پەکەکە چاوپێکەوتن دەکا، ئوچاریش بەم جۆرە قسە دەکا."
دوای ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سزای شەرمەزارکردنی ئەردال ئوچەری دا، ئوچەر تانەی لە بڕیارەکە داو لە هۆڵی پەرلەمان چووە دەرەوە.
وەزیرەی بەرگریی تورکیا عیسمەت یڵماز، رەتکردەوە لەڕێی وڵاتەکەیەوە چەک رەوانەی سوریا کرابێ و رێگە بەو کارە نادەن.
یڵماز ھەروەھا رایگەیاند: بێجگە لە چەند چەکێکی راوکردن و دەمانچەی دەنگ کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش ئەو دوو جۆرە چەکە ناچنە خانەی بازرگانی کردن بە چەکی جەنگەوە، لەڕێی خاڵە سنوورییەکانەوە چوونەتە دەرەوەی تورکیا، حکومەت رێگە نادا چەکی دیکە ببرێتە دەرەوە.
عیسمەت یڵماز زیاتر گوتی: "بڵاو بوونەوەی دەنگۆی ڕەوانە کردنی چەک لەلایەن ئێمەوە بۆ سوریا، پێویستی بەوەیە ڕوونکردنەوە بدەین."
وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەشێکی قسەکانی دا باسی رەوشی ناوخۆی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "لە تورکیای ئەمڕۆدا ھەموو لایەک پێکەوە دەڵێن دەمانەوێ پێکەوە بژین. چەندین ساڵە شەڕ و ناکۆکی ھەبووەو ھەمووان شەھیدمان داوە بە کورد و تورک و عەرەب و لاز و گشت پێکھاتەکانەوە، ئیتر دەمانوێ پێکەوە با ئارانی بژین."