وەزیری وزە و سەرچاوە سرۆشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز پێش ئیمزا کردنی پەیمانی ناردنی غازی دەریای خەزەر لەڕێی تورکیاوە بۆ بازارەکانی جیھان، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
پێشتر وەزیری نەوتی عێراق حوسێن شەھرستانی، لە بارەی داھاتی ئەو نەوتەی لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێ، پێشنیاری ئەوەی کردووە ئەو داھاتە لە بانکی گەشەپێدانی عێراق لە نیویۆرک کۆ بکرێتەوە. ئەگەر ئەو پێشنیارە قبوڵ بکرێ، ئەوا عێراق ھیچ لارییەکی لە ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان نییە.
تانەر یڵدز لە بارەی قسەکانی شەهرستانی گوتی: "پێشنیارەکانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ ھەناردنی نەوتی ئەو وڵاتە لەڕێی تورکیاوە بۆ بازارەکانی جیھان، کۆمەڵێ پێشنیاری باشن."
یڵدز جەختی کردەوە تورکیا بە گەرمی پێشوازیی لەو پێشنیارەی شەھرستانی دەکا، چونکە پێشنیارێکی باشە و کەڵکی بۆ ھەموو لایەک دەبێ.
یڵدز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ھەناردنی نەوتی باکوور یا باشووری عێراق لەڕێی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیھان، کارێکی راست و باشە، پێشنیارەکانی حوسێن شەھرستانی لەو بارەیەوە زۆر باشن.ئەو نەوتە نەوتی تورکیا نییە بەڵکو ھی عێراقە، بۆیە ئیمزا کردنی پەیمانێک بۆ جێبەجێکردنی سێ مەرجەکەی بەغدا ھەنگاوێکی گرنگ و باشە."