Fahrettin İbrahim
09 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2017
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم و جێگری سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنس پرسەکانی سەربازیی، ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا و ھەردوو لا کۆک بوون لەسەر چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان لەسەر بنەمای ھاوپەیمانێتی و پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وڵات و نەھێشتنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی وەزیران دەست کەوتوون، یڵدرم و پێنس پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
ئاماژە بەوە کراوە کە پەیوەندییەکە لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوە چووە و تێدا یڵدرم و پێنس پرسەکانی سەربازیی، ئاسایش، و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان تاوتوێ کرد و ھەردوولا کۆکبوون لەسەر چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان لەسەر بنەمای ھاوپەیمانێتی و پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وڵات و نەھێشتنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستەواژەی "رۆژێکی نوێ" بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەکارھێناوە.
ھاوکات پێنس بەھۆی گیانلەدەستدانی سەربازیی تورکیا لە ناوچەی ئەلباب لە سووریا پرسەنامەی ئاراستەی یڵدرم کرد و جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە.
لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی تورکیا یڵدرم ستایشی پێنس-ی بەھۆی ئاراستەکردنی پرسەنامەکەی کرد و ھیوای سەرکەوتوویی بۆ ناوبراو لە ئەرکەکەی خواست.
ھەر لە پەیوەندییەکەدا یڵدرم لەبارەی ھەڵوێستی تورکیا لە ھەندێک بابەتەکانی ناوچەکە، داوای لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کرد لە نزیکەوە ھەوڵ بۆ ئەنجامدانی کاری ھاوبەش بکەن.