Mazın Asad
04 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2017
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "کۆنفرانسی قوبرس دوا کۆنفرانسە. ئیتر ئەگەر لێرە دێتە ئاراوە یاخود، پێویستە بڕیارێک بدرێت. نیازپاکی نیشان دەدەین، بەڵام پێویستە ئەمە بەرامبەری ھەبێت".
چاوشئۆغڵو لە دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەک لە پەراوێزی کۆنفرانسی قوبرس کە لە شاری کرانس-مونتانا لە سویسرا بەردەوامە، لێدوانێکی دا بە رۆژنامەوانان.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە بە نیازپاکی بۆ کۆنفڕانسەکە ھاتوون و کارەکانیان لەو چوارچێوەیە درێژە پێدەدەن و گوتیشی: "دەزانین چیمان دەوێت. لە سەرەتاوە ھەڵوێستی خۆمان لەگەڵ ھێڵە سوورەکانمان ئاشکرا کرد. بەڵام لە ئەنجامدا ئەگەر چارەسەر دێتە ئاراوە، ئەوا دەبێت ئەم ھەفتەی لێرەدا بڕیارێک بدرێت".
مەولود چاوشئۆغڵو روونیشی کردەوە کە کۆنفرانسی قوبرس "دوا کۆنفرانسە" و ئاشکراشی کرد کە ھەفتەی رابردوو لە دیدارێکی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێریس چوارچێوەی کۆنفرانسەکەیان دیاری کرد و زیاتر گوتیشی: "ئێمە بە شێوەی پاکیجێک پێشنیاری تاوتوێکردنی گشت بابەتەکانمان کردووە. سکرتێری گشتیش لەوبارەیەوە قسەی خۆی کرد".
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا لە کۆنفرانسی قوبرس نیازپاکی خۆی نیشان داوە و گوتیشی: "بەڵام پێویستە ئەمە بەرامبەری ھەبێت. بەداخەوە تاوەکو ئەمڕۆ ھەڵوێستێکی ئەرێنیمان لە لایەنی بەرامبەر نەبینی. ھاوکات سەرەڕای بەڵێنەکانیان، ھەندێک ھەڵسوکەوتی نەشیاوی وەک دزەپێکردنی بەڵگەنامەکان کرد کە لەگەڵ دڵسۆزی ناگونجێت. بەڵام ئەگەر لە ئەنجامدا چارەسەرێک بکرێت، ئەوا دەبێت لایەنی بەرامبەر ئەم نیازپاکییە ببینێت و بە دڵسۆزانە مامەڵە بکات".
چاوشئۆغڵو لە درێژەدا گوتیشی: "لە سەرەتاوە ھێڵی سووری خۆمان دیاریکرد. ھاوکات لەسەرەتاوە گوتمان کە بابەتەکانی وەک نەبوونی سەرباز و نەبوونی گەرەنتیکار نابێتە خاڵی دەستپێکردن و لە شەوی یەکەمیش گوتمان و لە رۆژی یەکەمیش گوتمان، لێرەوە دووبارە دەیڵێم بۆ ئەوەی بچێتە ژێر تۆمارکردنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو کە ھەوڵێکی زۆریان بۆ چارەسەری پرسی قوبرس خستووەتەگەڕ و گوتیشی: "ئیتر ئەگەر لێرە دێتە ئاراوە یاخود، پێویستە بڕیارێک بدرێت".