ئەنقەرە
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لە بەرامبەر بچووكترین ئۆپەراسیۆنی دژی تیرۆردا دونیا دەخەنە سەر پێ. دیمەنی وردەكارییەكانی بچووكترین رووداوی سەر كۆڵانەكان دەكەنە ئامرازێك بۆ ئەوەی نیشانی بدەن كە توركیایش وەكو سووریا، میسر و لیبیایە و تاوانی ئەو خەڵكە بێ تاوانەی كە لە لایەن تیرۆریستانەوە دەكوژرن دەخەنە ئەستۆی هێزەكانی ئەمنی توركیا".
ئەردۆغان لە میانی بەشداری كردنی لە سێیەمین سەمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی چاودێری كۆمەڵایەتیدا گوتی: "ئەندامانی پەكەكە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن كە لە چەند ناوچەیەكدا سیناریۆی زۆر قیزەون جێبەجێ بكەن. ئەندامانی پەكەكە كە خۆیان تێكەڵی نێو خەڵكی مەدەنی كردووە بە كردەوەكانیان دەیانەوێت خەڵك و دەوڵەت رووبەڕووی یەكتر بكەنەوە و بۆ ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە دەكوژرێن رێوەڕەسم ئەنجام دەدرێت و جەنازەی ئەندامانی پەكەكە بە ئاڵای پەكەكە دادەپۆشرێن و وا نیشان دەدەن كە ئەو جەنازانە جەنازەی خەڵكی مەدەنین و لە رێگای تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە ئەو دیمەنانە بۆ جیهان بڵاو دەكەنەوە و لەسەر ئاستی نێوخۆیی توركیایش پشتگیریەكی یەكجار زۆر لەم كریارانەی پەكەكە دەكرێت. میدیاكانیش بەشێكن لەم پلانە خیانەتكارانە و میدیاكانیش ئەندامانی پەكەكە وەكو منداڵی بێ تاوان نیشان دەدەن و هێزەكانی ئەمنی بە هێرشبەر و تاوانبار لە قەڵەم دەدەن و بۆ ئەو مەبەستە هەر جۆرە هەوڵێك دەدەن، ئەوەی دەستی بە تەقە كردن، هێرش كردن، تەقاندنەوەی بۆمب و سووتاندنی شار و كوشتنی خەڵكی مەدەنی كردووە پەكەكەیە بەڵام ئەوەی تاوانبار دەكرێت كێیە؟ دەوڵەت، حكوومەت و سەركۆماری توركیا".
ئەردۆغان گوتی: "لە توركیا كەس بۆی نییە بە هۆی رەگەز، ناوچەی لە دایكبوون بە چاوێكی خراپ سەیری دەراوسێ یا هاوڕێیەكی خۆی بكات، ئەگەر رۆژێك بێت و بە چاوی ئەوەی كە ئەو دۆستە، ئەو هاوڕێیە یا ئەو دەراوسێیە كوردە، توركە، عەلەوییە یا سوننەیە سەیری یەكتر بكەین ئەوا دەكەوینە نێو یاری رێكخراوی تیرۆریستییەوە و بۆ ئێمە هەر 78 ملیۆن هاووڵاتی ئەم وڵاتە خاوەن مافی یەكسانن".