ئەنقەرە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا تانجو بیلگیچ رایگەیاند: "دوو لەو ١٨ کرێکارە تورکانەی کە لە ٢ی ئەیلوولدا لە عێراقدا رفێندرابوون بەناوەکانی نەجدەت یلماز و ئەرجان ئۆزپیلاڤچی لە بەسرە ئازاد کران".
تانجو بیلگیچ رایگەیاند: "بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی باڵیۆزی وڵاتەکەمان لە بەغدا، دوو کرێکارە ئازادکراوەکە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە و تەندروستیان باشە".
تاکو ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە کە ئەو دوو کرێکارە تورکە چۆن و کەی دەنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان واتە تورکیا.
جێگەی باسە لە ٢ی ئەم مانگەدا ژمارەیەک چەکدار کە بەرگی سەبازییان پۆشی بوو لە ناوچەی سەدر لە بەغدا چوونە کۆمپانیایەکی تورکی و ١٨ کەسیان رفاند. دواتر راگەیەندرا کە ١٨رفێنراوەکە ١٤ کرێکار و سێ ئەندازیار و ژمێریارێک بوون.