Abdullah Shukur,Sangar Hamad Azeez
20 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی بانگەشەی ئەوەی کە نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی ھالەی، بەر لەدەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی قودس لە پەرلەمانی ئەورووپا، ئیمەیلی بۆ دیبلۆماتکاران ناردووە و داوای لێکردوون کە دژی ئەم بڕیارە بوەستنەوە، گوتی: "چی دەکەن؟ دەتانەوێ خەڵک بکڕنەوە؟ یان رێگە بە داگیرکردنی ئەو وڵاتانەش دەدەن یان ئەوانیش سزا دەدەن؟ ئیتر جیھان گۆڕاوە و بۆچوونی "من بەھێزم کەواتە من رەوام" گۆڕاوە. ئیتر جیھان رووبەڕووی ناڕەوایی دەبێتەوە، ھیچ دەوڵەتێکی بەشەرەف سەر بۆ ئەم گوشارانە دانانوێنێ".
چاوشئۆغڵو بەر لە گەشتەکەی بۆ ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، ریاز مالیکی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک شاری ئیستانبوڵ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.
چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە بڕۆژە بڕیاری قودس لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخرێتە دەنگدان و گوتیشی: "لەم چوارچێوەیەش لە ١٧ی کانوونی دووەم پڕۆژە بڕیارێک پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە و تورکیاش پشتیوانی لێ کردووە".
چاوشئۆغڵو گوتی: "تورکیا ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە. جگە لە ئەمریکا گشت وڵاتان ھەڵوێستیان لە دژی بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی قودس نیشاندا. واتە پشتیوانیان لە پڕۆژە بڕیارەکە کرد و بە ئەرێنی دەنگیان لەسەر دا. تەنھا ئەمریکا مافی ڤیتۆی بەکارھێنا. ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە لە دوای ئەم کارەوە دەبین و پرسەکە دەگوازینەوە بۆ ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ئەنجامی ھەوڵی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی دیکە، سبەینێ پڕۆژە بڕیارەکە دەخرێتە دەنگدانەوە. ئێمەش چاوەڕێی پشتیوانییەکی بەھێز دەکەین، چونگە جگە لە موسڵمانەکان، کریستیانەکانیش بەم بڕیارە(ئەمریکا) نیگەرانن. کاسۆبییەکان، ئۆرسەدۆکس و پرۆتێستۆنلار و بەشێکی زۆری مووسەوییەکانیش (جوولەکەکانیش) دژی ئەم بڕیارەن".
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد کە ھەرکەسێک خاوەن ویژدان بێت لە پاڵ مافی فەڵەستین دەبێت کە بە زۆری مافەکانیان لێ زەوت کراوە و گوتی: "سبەی لە نیویۆرک ئەمریکایەک دەبینین کە بەر لە دەنگ دان بەتەنیا ماوەتەوە. لەوێ چاودێری تەواوی نوینەر و نوێنەرە ھەمیشەییەکان دەکەین کە کام وڵات دەنگی بە چی داوە. ئەمەش دەکەینە راپۆرت و بۆ سەرۆک دەینێرین. تەواوی ناوەکان وەردەگرین، دەپرسین چی دەکەن؟ یارمەتی ئەو وڵاتە دەدەن کە داگیرکاری ئەنجام بدات یاخود سزای دەدەن؟ ئیدی جیھان گۆڕاوە. "من بەھێزم کەواتە من رەوام" گۆڕاوە. ئیتر جیھان رووبەڕووی ناڕەوایی دەبێتەوە، ھیچ دەوڵەتێکی بەشەرەف سەر بۆ ئەم گوشارانە دانانوێنێ. ھەموو وڵاتێک بە پشتبەستن بە ویژدان و دەنگی گەلەکەی دەنگ دەدات. سبەینێش ئاوا دەبێت. کەس سەر بۆ ئەم جۆرە فشارانە شۆڕ ناکات. ھەر بۆیە دەبێت ئەمریکا واز لەو کارانەی بھێنێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەیشی راگەیاند کە بە یاوەری وەزیری دەرەوەی فەڵیستین ریاز مالیکی سبەی بە جوانترین شێوە بەرگری لە داوای قودس دەکەن و گوتیشی : "بە فەرمانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سبەی دوای گەشتنیان بە ئەمریکا سات بەسات زانیارییەکان دەگەیەننە سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم و ئەنجامێکی شایستە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست دەھێنن".