ئەنقەرە
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەھەپە کەمال کلچدار ئۆغلۆ لەبارەی سەردانی ھونەرمەند شڤان پەروەر بۆ شاری دیاربەکر قسەی کرد و رووی قسەی لە پەروەر کرد و گوتی " چوویتە دیاربەکر و لەوێ چویتە سەر سەر ستێج. بەبێ پرسیارکردن لە چارەنووسی ٣٤ ھاووڵاتی کوژراوی رۆبۆسکێ،بەچ روویەک بە شان و باڵی ئەردۆغان ھەڵددەدەیت؟"
کلچدارئۆغڵو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی رایگەیاند: ئەحمەد قایا، ھونەرمەند و شۆڕشگێڕ و مۆزیک ژەن بووە، پشتگیری لە زاڵم نەکردووە، بەڵکو لایەنگری دەستەسەر و زوڵملێکراو بووە. ئەو لەدژی زوڵم و چەوسانەوە وەستاوەتەوە، ململانێی کردووە، لە ململانێکردن چۆکی نەداوە و ئەو وەک ھونەرمەندێکی نەمر دەمێنێتەوە. قایا بەدرێژایی تەمەنی گووتی من شۆڕشگێڕم، ناسنامەم ھەیە، پشتگیری لە خەڵک دەکەم، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی دەکەم چونکە ئەو دەیزانی ببێتە لایەنگری دەسەڵات نابێتە ھونەرمەند.
کلچدارئۆغڵو، پێیوایە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەحمەد قایا بەکاردێنێ و گوتی: "سەرۆک وەزیر لە دیاربەکر دەڵێ ئەگەر ئەحمەد قایا لەژیاندا بایە ئەمڕۆ ئەویش لەگەڵ ئێمە دەبوو، بەڵام من دەڵێم ئەگەر ئەحمەد قایا لە ژیاندا بایە لەگەڵ چاڵاکوانانی گەزی دەبوو لە زیندان دەبوو. بۆچی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی گەزی دەبوو، چونکە لە خۆپیشاندانی گەزی و تەقسیم ٧ ھەزار و ٤٧٨ ھاووڵاتیمان بە توندوتیژی پۆلیس برینداربوو، ھەزاران گەنج ئەشکەنجەکردران و ئێستاش ئەشکەنجە دەدرێن. ١٠ گەنج چاویان لەدەستدا. ھونەرمەندێکی ھۆشیاری وەکو ئەحمەد، بەھۆی رووداوێکی بەم شێوەیە بەشانی و باڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەڵدەدات؟ کارێکی بەم شێوەیە دەکات؟ ناوی ئەحمەد قایا بەکار مەھێنە، ئەحمەد قایا لە ژیاندا بایە لایەنگری گەزیچیەکان دەبوو. تۆ ئەحمەد قایا ناناسی، لەوە زیاتر گوێت لە گۆرانی و بەستەکانی نەگرتووە."
کلچدارئۆغڵو پێیوایە ھیچ ھونەرمەندێک ناخوازێ دەربەدەر بکرێ، کۆمەڵگا ئازاری ئەمەی زۆر چێشت. رایگەیاند: کاتێک روھی سوی نەخۆشی شێرپەنجەی ھەبوو، ویستی بۆ چارەسەری بچێتە دەرەوە، بەڵام کەنعان ئەڤرین و ھاوڕێکانی پاسەپۆرتیان پێنەدا.
کلچدارئۆغڵو باسی گرنگی ھونەرمەند شڤان پەروەری کرد و گوتی: "بە جوانترین شێوەیە کارەساتی ھەڵەبجەی کردۆتەوە گۆرانی. ئەوانەی کوردیش نازانن کاتێک گوێ لەو گۆرانیە دەگرن ھەستەکانین دەکوڵێتەوە، دەزانین لەوێ باسی کارەساتێکی مرۆڤایەتی گەورە دەکا."
درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە دەرەوە دادەنیشی، باسی ئەوە دەکەی کە خەمباری بۆ کوشتنی ھاووڵاتیانی ئۆڵودەرە ئەوەی فەرمانی بە بکەرەکانی ئەو تاوانە کردووە، ئەردۆغانە، تۆش بە شان و باڵی ئوەدا ھەڵدەدەی. تۆ ھونەرمەندی، رێز لە ھونەری تۆ دەگرین، بەڵام ھونەرمەند لایەنگری زاڵم ناکات بەڵکو لە دژی زاڵمە وەک ئەحمەد قایا. کاتێک چوویتە سەر شانۆ ناسنامە ھونەرمەندیت لەبیرکرد. بوویتە کەرستەی ھەڵبژاردنی ئاکاپە. پێویستە ھونەرمەند کارێکی بەم شێوەیە نەکات."