Sinan Uslu
11 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، عیسمەت یڵماز رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو، پێشنیازی گەرەنتی دەستووریی بۆ باڵاپۆشی دەخرێتە بەرنامەی کاری لێژنەی دەستوور لە پەرلەمان.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، عیسمەت یڵماز و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، ئۆزلەم زەنگین سەبارەت بە پێشنیازی گەرەنتی دەستووریی بۆ باڵاپۆشی سەردانی فراکسیۆنی مەهەپەیان کرد و لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە، ئەرکان ئاکچای و محەمەد لەڤەنت بولبول کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە کە دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو، نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند.
دوای سەردانەکە، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، عیسمەت یڵماز لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: ''لەو راوێژەی لەگەڵ هاوڕێیانمان لە جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە ئەنجاممان دا لە بارەی چۆنیەتی بەڕەوەبردنی پرۆسەی پێشنیازی هەموارکردنی دەستوور بۆ لەمەودوا، رێککەوتین لەسەر چاکسازی لەبارەی باڵاپۆشی کە نوێنەرایەتی بەهاکانی گەلەکەمان دەکات، ناردنی چاکسازیی لەبارەی پاراستنی خێزان کە ئەویش بەهای گەلەکەمانە، بۆ لێژنەی دەستوور''.
عیسمەت یڵماز باسی لەوە کرد کە بۆ ماوەیەک یاساکە لەلایەن ئەو سیاسەتمەدارانەوە کرایە کێشە کە لە بوارێکی بەرتەسکدا سیاسەت دەکەن و گوتی: ''پێشتر لە دادگای دەستوورییەوە هەمواری دەستوورییان لەبارەی باڵاپۆشی گەڕاندەوە، بەڵام رەوشەکە گۆڕا؛ سەرەڕای ئەوەی روون و ئاشکرایە کە مافە بنەڕەتی و ئازادییەکان نابنە بابەتی چاکسازیی، بەڵام پێویست بوو پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە پێشکەش بکرێت. بۆچی؟ چونکە گەل چاوەڕوانی یەکێتیی و پێکەوەییە. لە هەمان خێزاندا باڵاپۆش و ناباڵاپۆشیش هەیە، ناکرێت ئەمانە دووربن لە یەکتر. لە قۆناغی داهاتوودا، ئەم بابەتە بەتەواوی لە رۆژەڤی گەلەکەماندا دەهێنینە دەرەوە. ٨٥ ملیۆن کەس لە پشت ئەمەوەیە، هیچ گومانتان لەوە نەبێت''.
عیسمەت یڵماز راشیگەیاند: ''لە لیژنەکان و ئەنجوومەنی گشتییدا کراوەین بەڕووی رێککەوتندا، تەنها بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە نەمێنێت''.
لای خۆیەوە، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە، ئەرکان ئاکچای باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەیاندا، قۆناغەکانی پەیوەست بە پێشنیازی هەموارکردنەوەی دەستووریان تاوتوێ کردووە.
ئەرکان ئاکچای باسی لەوە کرد کە وەک فراکسیۆنی مەهەپە هەموو پەرلەمانتارانیان واژوویان لەسەر پێشنیازەکە کردووە و گوتی: ''ئیدی ئەم پرۆسەیە دەستی پێ کردووە. لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە پرۆسەی کۆمیسیۆن دەکەین''.
گوتیشی: ''هاتنی دۆسیەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندی بۆ پەرلەمان، نابێتە هۆی ئەوەی بەشداری لە گفتوگۆکانی پێشنیازی هەموارکردنەوەی دەستوور نەکرێت. نابێت موزایەدەیەکی لەو شێوەیە بکرێت''.