İrem Demir
11 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
بەتاوانی "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە" لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی سەربە پەکەکە، سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا، شەبنەم کۆرور فینجانجی سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگ و ١٥ رۆژ بەسەردا سەپێندرا و ئازاد کرا.
دوای وەرگرتنی دواهەمین بەرگری لە شەبنەم کۆرور فینجانجی لەو دانیشتنەی لە هۆبەی ٢٤ی دادگای سزا قورسەکانی ئیستانبوڵ ئەنجام درا، دەستەی دادوەریی بڕیاری دا بەتۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە" ناوبراو بە زیندانیکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ و دوو مانگ سزا بدرێت.
دەستەی دادوەریی بەهۆی ئەوەی ئەو تۆمەتەی شەبنەم کۆرور فینجانجی پێی تاوانبار کراوە لە رێگای میدیاوە ئەنجامی داوە بڕیاری دا ماوەی زیندانیکردنەکە بکات بە دوو ساڵ و هەشت مانگ و ١٥ رۆژ.
دەستەی دادوەریی بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی دەستبەسەرکراوی ناوبراو، بڕیاری ئازادکردنی بۆ شەبنەم کۆرور فینجانجی دەرکرد.
- لە سکاڵانامەکەوە
سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا، شەبنەم کۆرور فینجانجی بەهۆی لێدوانەکانی دەربارەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، لێکۆڵینەوەی لەدژ کرایەوە.
شەبنەم کۆرور فینجانجی لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئیستانبوڵ، دەستبەسەر کرا و رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە دادگای سزادانی ئەنقەرە، دادوەر بڕیاری بەند کردنی بۆ دەرکرد.
لەو سکاڵانەمەیەشدا کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرەدا ئامادە کراوە، بەهۆی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی" لە چوارچێوەی بەیەکچواندنی چالاکییە یاساییەکانی هێزە سەربازییەکانی تورکیا کە لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگریی لەخۆکردندا ئەنجامی دەدەن لەگەڵ چالاکییە نایاساییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی، داوای سزای زیندانیکردن بۆ شەبنەم کۆرور فینجانجی کراوە کە ماوەکەی لەنێوان یەک ساڵ و شەش مانگ بۆ حەوت ساڵ و شەش مانگ، دەبێت.
دادگای سزادانی ئەنقەرە، لەبەر ئەوەی شوێنی مانەوەی شەبنەم کۆرور فینجانجی لە ئیستانبوڵە، بڕیاریدا لێکۆڵینەوەش لەگەڵی هەر لەوێ ئەنجامبدرێت، بەم هۆیەشەوە دۆسیەکەی ناوبراوی بردە ئیستانبوڵ.
لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، دادگاییکردنی شەبنەم کۆرور فینجانجی دەستی پێ کرد لە میانی یەکەم دانیشتنی دادگادا، داواکاری گشتیی بە تاوانی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی لەڕێی چاپ و پەخشەوە" داوای سزای زیندانیکردنی بۆ ناوبراو کرد کە ماوەکەی لەنێوان یەک ساڵ و نیو بۆ حەوت ساڵ و نیو بێت.