Aybüke İnal Kamacı
05 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، میتهات سانجار و شاندی یاوەریدا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە کە لە ناوەندی گشتیی جەهەپە بەڕێوەچوو، سانجار بۆ رۆژنامەنووسان دووا.
سانجار باسی لەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە سەردانکردنی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و، لە کۆبوونەوەشیاندا لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو تاوتوێی هەموو بابەتەکانی رۆژەڤی تورکیایان کردووە و بیروڕایان ئاڵوگۆڕکردووە.
سانجار ئەوەشی خستەڕوو کە وێستگەی داهاتووی سەردانەکەیان پارتی ئایندە و پارتی دێڤا دەبێت.
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سانجار، باسی لەوە کرد کە دانانی سەرۆک بۆ زانکۆکان و قەیووم بۆ شارەوانییەکان رێکارییەکی باری نائاساییە و، لە کۆبوونەوەکەیاندا ئاماژەیان بە گرنگیی هەڵوێستێکی هاوبەشی هەموو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن کردووە بەرامبەر ئەو رێکاریی و هەڵوێستە و، پێویستە ئۆپۆزسیۆن بە هاوبەشی کار بکەن لەبارەی بەکارهێنانی مافە دیموکراتییەکان و، گوتی: ''ئەمڕۆ هاوپەیمانی هەڵبژاردن لە رۆژەڤماندا نییە. بە هیچ شێوەیەک ئەوە لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی گشتیی جەهەپە بەڕێز کڵچدارئۆغڵو و شاندەکەیدا نەبووە بابەتی رۆژەڤ، بەڵام ئەوە یەکێکە لە سەرەکیترین بابەتەکانی ئاسایشی هەڵبژاردن. بینیمان کە هاوڕابووین لەو بارەیەوە''.
سانجار باسی لەوە کرد کە گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی دیموکراسیی ماددەیەکی بەرنامەی هاوبەشی نێوان پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنە، دەکرێت دەستووری ١٩٢١ کە ئەو بنەما سەرەکیانەی تێدایە وەک سەرچاوەی ئیلهام هەڵبسەنگێنن.
سانجار باسی لەوەیش کرد کە دەستووری ١٩٢١ ناتوانرێت وەک خۆی بۆ ئەمڕۆ بگونجێت، بەڵام دەکرێت بکرێتە رێگایەک بۆ پەرلەمانی بەهێز و حکوومەتی بەهێز و، گوتی: ''ئەو گۆڕانکاری دەستوورەی دەسەڵات هێناویەتە رۆژەڤەوە بەلای ئێمەوە لایەنی راستگۆی نییە. پێمانوانییە کە بەڕاستی ئەوەی وەک بەرنامەیەک بۆ پێکهێنانی دەستوورێکی نوێ هێنابیەتە ئاراوە. دەسەڵات هەوڵی بەڕێکردنی کۆمەڵگا دەدات بۆ رزگاربوون لە تەنگەشەیی''.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی ئەوەی کە ئایا داوای کۆبوونەوەیان کردووە لەگەڵ سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، مەرال ئاکشەنەر، سانجار رایگەیاند ''داخوازی کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئیی پارتی درێژەی هەیە. لەبارەی داواکاری فەڕمیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. لە دوای ئەو کۆبوونەوانە هەڵوێست و بڕیارەکەمان لەو بارەیەوە لەگەڵتان بەش دەکەین. هیچ نیاز و هەڵوێستێکی وامان نییە کە هیچ پارتێکی ئۆپۆزسیۆن وەلا نێین و لەگەڵیدا کۆنەبینەوە''.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی ئەوەی کە جەهەپە سڵ دەکاتەوە لە ناو بە ناو کۆبوونەوە لەگەڵیاندا، سانجار رایگەیاند ''لە راستییدا ئەوە گەورەکراوە. لەبەرئەوەی هەرکات پێویست بێت شاندەکانمان کۆدەبنەوە و ئەوانە شاراوە نین. لە جەهەپەدا هیچ دوودڵیەکمان بەدینەکردووە لەبارەی داواکاریمان لەوبارەیەوە. بەدڵنياییەوە پێمانوایە کە ئەگەر لە پارتەکانی دیکەدا ئەو دوودڵیيە هەبێت پێویستە تێپەڕێندرێت و نەمێنێت''.
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا سازنەکردنی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هاوبەش داواکاری ئەو پارتانەیە کە کۆدەبنەوە لەگەڵیاندا یان نا؟ سانجار رایگەیاند: ''ئەوە بژاردەی ئێمەیە. هەڵوێستی روونمان لەو بارەیەوە ئەوەیە. دەکرێت بیر لە شێوازی دیکە بکرێتەوە. هەر پارتێک یان پارتە جیاوازەکان دەتوانن بیر لە شێوازی جیاواز بکەنەوە. ئێمە گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە ئەوە سوودی زیاترە و، خۆمان پێشنیارمان بۆ پارتەکانی دیکە کردووە''.