ئەنقەرە
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ھەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد، رۆژی ٥/١١/٢٠١٣ سەردانی ناوچە کوردییەکانی تورکیا دەکات و لەگەڵ خەڵکدا کۆ دەبێتەوە.
پەرلەمانتاری ئاک پارتی و سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە عەبدولکەریم گۆک رایگەیاند: بە مەبەستی سازدانی دیدار لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە کوردییەکان، چوار رۆژ لەو دەڤەرانە دەگەڕێین و پرس ر جۆ دەکەین لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە.
گۆک بۆ بە AA گوتی: "سێ مانگە کۆمیسیۆن گوێی گرتووە بۆ راوبۆچوونی پێکھاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، شاندی کۆمیسیۆن سەردانی ئەسکی شەھێر، بورسە، ئیزمیت و ساکاریا دەکات و شاندێکی دیکەی کۆمیسیۆن سەردانی ھەکاری، شرنەخ و وان دەکات. ھیوادارم ئەو سەردانانە سەرکەوتوو بن و خزمەتی بەردەوامی برایەتی و پێکەوە ژیان بکەن."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان رایگەیاند: لە میانی ئەو سەردانەدا لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییەکان، سەرۆک ھۆز، ژوورە بازرگانییەکان، ئەو ماڵباتانەی زەرەر و زیانیان بەر کەوتووە چاوپێکەوتن ساز دەکەن، لەگەڵ ئەو کەسانە دادەنیشن کە بە ھۆی شەڕ و توندوتیژییەوە لە ناوچە کوردییەکان بەرەو رۆژئاوای تورکیا کۆچیان کردووە. گوێ بۆ راوبۆچوونیان رادەگرن.
عەبدولکەریم گۆک گوتی: "ئێمە گوێ بۆ ھەر کەسێک کە بتوانێ ھاوکاریمان بکا شل دەکەین، لەگەڵ بنەماڵەی ئەندامانی پەکەکەیش دادەنیشین."
شاندی کۆمیسیۆن پەرلەمانتار حسامەدین زەندەرلی ئۆغڵو ی سەر بە بەدەپەیش لەگەڵیان دەبێ، دوای کۆتایی ھێنان چاوپێکەوتن و سەردانە مەیدانییەکان دەست بە گفتوگۆ کردن لە سەر چۆنێتی ناوەڕۆکی راپۆرت دەکرێ و دواتر راپۆرتێکی بەرفراوان ئامادە دەکرێ. لە کاتی نووسینەوەی راپۆرتدا ئەگەر بەدەپە راپۆرتی ئامادە کردبێ ئەو راپۆرتەیش لە سەر راپۆرتەکەی خۆیان زیاد دەکەن.