Ramal Mahmood
02 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو، رایگەیاند: "ئەگەر لەگەڵ ئەوە بین کە کۆتایی بە پێکدادانەکانی سووریا بێت و چارەسەرێکی سیاسیی بدۆزرێتەوە و یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت پێویستە بەپەلە ئاگربەست رابگەیەنرێت".
چاوشئۆغڵو لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی جیبران باسیل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشییان ساز دا، لەمیانی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا پشتگیری پرۆسەی سیاسیی دەکات لە لوبنان. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی یەکپارچەیی و ئارامی و سەقامگیری لوبنان بۆ تورکیا و ناوچەکە زۆر گرنگە.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لەمیانی سەردانە فەرمییەکەیدا لەگەڵ سەرکۆماری لوبنان میشیل عەون کۆبووەتەوە و پیرۆزبایی حکوومەتی تورکیا و سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی لێکردووە و بەناوی ئەوانەوە هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا هەڵبژاردنی عەون بە سەرکۆمار هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ چارەسەری کێشەکان بەڕێگای سیاسیی لە لوبنان.
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێک لەسەر ئەوەی کە دوینێ لەگەڵ هاوتا روسییەکەی سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی چییەوە قسەیان کردووە، چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە باسی ئەوەیان کردووە کە لەگەڵ کاراکتەرەکانی سووریا کۆببنەوە، گوتی: "ئەگەر لەگەڵ ئەوە بین کە کۆتایی بە پێکدادانەکانی سووریا بێت و چارەسەرێکی سیاسیی بدۆزرێتەوە و یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت پێویستە بەپەلە ئاگربەست رابگەیەنرێت. تورکیا لەپاڵ هەوڵە هەمەجۆرەکانی لەگەڵ ئێران و رووسیا و لوبنانیش کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەنجام دەدات. لەو باوەڕەداین ئەم کۆبوونەوانە زۆر بە سوود بن و ئامانجێکمان هەیە. ئەویش ئەمەیە کە کۆتایی بەو رەوشە ناخۆشەی سووریا بێت. لەپاڵ ئەم هەوڵانەشدا پشتگری کۆبوونەوە دەکەین لەگەڵ گرووپە جیاوازەکانی سووریا. لاڤرۆڤ دوێنێ بەمنی نەگوت کە دژی ئاگربەستە. زۆر بەڕوونی گوتی کە رووسیا لەگەڵ کۆتایی هاتنی پێکدادانەکانە، لەگەل چارەسەری سیاسییە بۆ پرسی وڵاتەکەی. بەڵام پێویستە ئەمە بە کرداری جێەجێ بکرێت".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکانی گروپی نێودەوڵەتی پشتیوانی بۆ سووریا بڕیار دراون و رێککەوتننامە واژووکراون، لەوبارەیەوە گوتی: "رێککەوتننامە لەنێوان رووسیا و ئەمریکا هەبوون، بەڵام هیچ یەک لەوان جێبەجێ نەکران. دەبێت ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ بکرێن".
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا بەوەی دەنگۆی ئەوە هەیە کە تورکیا پشتگیری رێکخراوی تیرۆریستی داعشی کردبێت، چاوشئۆغڵو گوتی: "هیچ لایەنێک هێندەی تورکیا چەکدارانی داعشی نەکووشتووە. لە عێراق نزیکەی هەزار چەکدار، لە سووریاش هەزاران داعشمان کووشتووە. هیچ لایەنێک لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا هێندەی ئێمە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە".