ئەنقەرە
دەگوترێت کەمی جووڵە بۆ ماوەیەكی درێژ دەبێتە هۆكاری تووش بوونی مرۆڤ بە دڵەڕاوكێ. پسپۆرانی زانكۆی دەئاكینی ئوسترالیا لێكۆڵینەوەیەكیان لەو بارەوە ئەنجامداوە و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە کەمی جووڵە نەک تەنیا كاریگەری لەسەر جستەی مرۆڤ دەكات بەڵكو سەلامەتی دەروونی مرۆڤیش دەخاتە مەترسییەوە.
پسپۆران ئەنجامی نۆ لێكۆڵینەوەی جیاجیا كە تێیاد 13 هەزار و 470 كەس بەشدار بوونە ئاشكرا كرد و بەپێی ئەنجامەكانی ئەو لێكۆڵینەوانە ئەو كەسانەی كە چەندین سەعات سەیری تەلەفزیۆن دەكەن یا سەیری شاشەی كۆمپیۆتر دەكەن تووشی تێكچوونی سیستەمی خەو و تێكچوونی سیستەمی مەتابۆلیزم و هاوكات تووشی دڵەڕاوكێ دەبن كە ئەمەیش كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی دەروونی مرۆڤ دەبێت.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەكەن كە ماوەی کەمی جووڵە چەندە درێژ بێت ئەوا كاریگەرییەكانی ئەوەندە زیاتر دەبێت.
ئەنجامەكانی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە لایەن گۆڤاری BMC publice Healthیشەوە بڵاو كراونەتەوە.
لە لێكۆڵینەوەكانی پێشووتریشدا دەركەوتووە كە کەمی جووڵە دەبێتە هۆی تووش بوونی مرۆڤ بە نەخۆشی شەكرە و قەڵەوی و چەندین نەخۆشی درێّژخایەنی دیكە.
شارەزایانی ئەمریكاییش لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە دەبێت هەر سەعاتێك كە مرۆڤ بێ جووڵەیە بۆ ماوەی پێنج دەقیقە جووڵە بكات چونكە جووڵە كردن دەبێتە هۆی رێكخستنی سووڕی خوێن.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیازی ئەوە دەكات كە بۆ پاراستنی سەلامەتی پێویستە رۆژانە 10 هەزار هەنگاو بنێن.
بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەكی رۆژانە دەبێتە هۆی كەم كردنەوەی ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك بە رێژەی سەدا 39، هۆی كەم كردنەوەی تووش بوون بە شێرپەنجە بە رێژەی سەدا 26 و ئەگەری تووش بوون بە شەكرش بە رێژەی سەدا 34 كەم دەكاتەوە.