جوبا
وەزارەتی تەندروستی سوودانی باشوور بڵاویكردەوە كە جارێكی دیكە پەتای كۆلیرا لە جوبای پایتەخت سەری هەڵداوە.
وەزیری تەندروستی سوودانی باشوور دكتۆر ریك گای كۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا گوتی: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆی پەتای كۆلیراوە گیانیان لەدەست داوە بووە 18 كەس و لە 171 كەسی دیكەیشدا نیشانەكانی ئەو پەتایە دۆزراونەتەوە".
لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی تەندروستیش ئاماژەی بەوە كرد كە پەتای كۆلیرا جارێكی دیكە لە جوبای پایتەخت سەری هەڵداوەتەوە.
سەرپەرەشتیاری كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە كردووە كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆلیرا لە ساڵی 2014، لە مانگی ئایارەوە تا مانگی ئاب بە گشتی پێنج هەزار و 560 كەس تووشی ئەو پەتایە بوونە و 118 كەس بە هۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەست داوە.