Hatice Özdemir Tosun
29 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2021
ئانتالیا - AA
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، بەکر پاکدەمیرلی ئاماژەی بەوەدا کە لە بەنداوی ئۆیماپنار، ١٠ کەس گیریانخواردووە، بەڵام ژیانیان لە مەترسیدا نییە و رایگەیاند ''ئاگرەکەی ئانتالیا ماناڤگات کۆنترۆڵە، بەڵام ئاگرێک هەیە کە لە کاتەکانی شەوەوە لە ئاکسەکی بەردەوامە''.
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، بەکر پاکدەمیرلی و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەو ناوچەیەی شارۆچکەی ماناڤگات-یان بەسەر کردەوە کە لە چوار شوێندا ئاگرکەوتووەتەوە و ناوچەیەکی فراوانی گرتووەتەوە.
بەکر پاکدەمیرلی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، باسی لەوە کرد کە لە کۆی ئەو ئاگرانەی لە سەرانسەری تورکیا کەوتوونەتەوە ٣١یان کۆنترۆڵکراون و کارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ١٠ ئاگری دیکە درێژەی هەیە.
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا زانیاری خستەڕوو سەبارەت بەو ئاگرەی دارستانەکانی ئادانای گرتووەتەوە و گوتی: ''ئاگرەکەی ئانتالیا ماناڤگات کۆنترۆڵە، بەڵام ئاگرێک هەیە کە لە کاتەکانی شەوەوە لە ئاکسەکی بەردەوامە. لە ناوچەی یاهیالی لە قەیسەری ئاگرێک کەوتووەتەوە و لە شارۆچکەی ئایدنجیک لە مێرسین ئاگر کەوتووەتەوە و هێشتا بەردەوامە. لە رێگەی بەکارهێنانی سێ فڕۆکە، ٢٩ هێلیکۆپتەر، ٤٥٨ ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و هەزار و ٨٣٢ کارمەندی ئاگر کوژێنەوەوە هەوڵی کوژاندنەوەیان دەدرێت. بەداخەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە. مامەیەکی تەمەن ٨٢ ساڵ کە دوای چۆڵکردنی کەپەزبەلەنی بە تەنیا لە ماڵ بووە گیانی لەدەستداوە. پێویستە بە دەم بانگەواز و ئاگادارییەوە بچین. با هاووڵاتییانمان ئاگاداری بانگەوازەکان بن لە خۆڕا ئاگاداری بڵاوناکەینەوە، بەدڵنیایییەوە ماڵەکانمان گرنگن، بەڵام هیچ شتێک لەگیانمان گرنگتر نییە''.
بەکر پاکدەمیرلی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەنداوی ئۆیماپنار، ١٠ کەس گیریانخواردووە و گوتی: ''ژیانیان لە مەترسیدا نییە. ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تیمی ئافادمان لە رێگادان بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییانمان لە بەنداوی ئۆیماپنار. رێگا کراوەیە و بەشێوەیەک دەیانگوازینەوە''.
گوتیشی: ''لە ئانتالیا ١٨ گوند و گەڕەک چۆڵکراون و لە شارۆچکەی کۆزان لە ئادانا شەش گوند و لە شارۆچکەی ئایدنڵک لە مێرسین، پێنج گوند چۆڵکراون''.