Eren Bozkurt
29 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2021
ئادانا - AA
پارێزگاری ئادانا، سولەیمان ئەلبان رایگەیاند کە بەهۆی ئەو ئاگرەی لە دارستانی شارۆچکەی کۆزان کەوتووەتەوە دانیشتوانی پێنج گوند گواستراونەتەوە و ئامادەکاریش بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی دوو گوندی دیکە بەردەوامە.
سولەیمان ئەلبان لە دوای بەسەرکردنەوەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەی کۆزان، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگرەکە کاتژمێر ١٩:٤٥ کەوتووەتەوە و بەهۆی بای باکوورەوە زۆر بەخێرایی تەشەنەی سەندووە.
پارێزگاری ئادانا باسی لەوە کرد کە لە دوای تەشەنەسەندنی ئاگرەکە کارەکانی گواستنەوەی هاووڵاتییان دەستی پێ کردووە و گوتی: ''ئاگرەکە هەڕەشەی لە ناوچەیەک کرد کە حەوت گوندی تێدایە. دانیشتوانی پێنج گوندمان خێرا گواستەوە، ئامادەکاری دەکەین بۆ گواستنەوەی دوو گوندی دیکە. زۆربەی ئەوانەی دەگواسترێنەوە لە ناوەندی شارۆچکەی کۆزان خانوویان هەیە. ئەوانەی گواستراونەتەوە دەیانەوێت بچنەوە ماڵی خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا بەشە ناوخۆییەکانی خوێندنگا و پەیمانگاکانمان لە شارۆچکەی کۆزان کردووەتەوە. لەبەرئەوە ئەگەر پێویست بکات هاووڵاتییان دەبەینە ئەوێ. لەلایەکی دیکەشەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەداین. بەهۆی ئەوەی کاتەکەی شەوە، ناتوانین لە ئاسمانەوە هەوڵی کوژاندنەوەی بدەین، بەڵام لەگەڵ گزنگی بەیانیدا دەست بە کوژاندنەوەی دەکەین لە ئاسمانەوە. فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانمان هەیە کە دەتوانین رەهەندی ئاگرەکە دیاریی بکەین''.
سولەیمان ئەلبان ئەوەشی خستەڕوو بەهۆی ئەوەی لەئێستادا، وەرزی هاوینە زۆر کەس روویان لە کوێستانەکان کردووە و گوتی: ''لەبەرئەوە یەکەم کارمان گواستنەوەی تەواوی هاووڵاتییان بوو. بەهۆی ئەوەی وەرزی هاوین، وەرزی کوێستانە دووچاری ئاستەنگ دەبین، چونکە تەنها دانیشتوانی گوندەکانمان نییە بەڵکو خەڵکێکی زۆر لە کێڵگە و کوێستانەکانن. بۆ ئەوەی کەس لە ناوچەکە نەمێنێتەوە هاوڕێیانمان دەستیان بە کار کرد و زانیاری هات کە کەسی لێنەماوە. کاری لە پێشینەمان رێگری کردنبوو لە زیانی گیانیی. دوای بردنە دەرەوەی هاووڵاتییان کارەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکدنی ئاگرەکە. لەئێستادا توندەبایەک بەخێرایی ٧٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا هەیە. ئەو توندەبایەش هەم ئاگرەکە تاو دەدات زوو بڵاوبێتەوە هەمیش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی قورس کردووە''.
دوێنێ کاتژمێر ١٩:٤٥ بە هۆکارێک کە هێشتا دیار نییە ئاگر لە دارستانەکانی ئادانا کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی ناوچەکە کران بۆ کۆنترۆڵکردنی.