25 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان گوتەیەکی پێشکەش کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانی تایبەت بە دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا کرد و رایگەیاند ''بیر لەوە دەکەینەوە کە پشتوان بەخوا ئەو ڤاکسینەی خۆمان پەرەی پێ دەدەین لە گونجاوترین هەلومەرجدا، پێشکەش بە هەموو مرۆڤایەتی بکەین''.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بە رەوشی ئازەربایجان دا و گوتی: ''لە سایەی پشتیوانیی وڵاتەکەمانەوە، داگیرکاری ئەرمینیا لە قەرەباغ کە خاکی ئازەربایجانە کۆتایی هات، بۆ یەکەمجار ئومێدەکان بۆ چارەسەری درێژخایەن زیادیان کردووە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە لە ئایندەدا، رۆژەڤی چالاکی دادوەری و ئابووری، هاوشێوەی هاوپەیمانی کۆمار ئەنجام دەدەن و گوتی: ''لە ئابوورییدا دەست دەکەین بە ئامادەسازیی بۆ وەبەرهێنان، دروستکردن، هەناردە و هەلی کاری نوێ. دوای گفتوگۆکانی بوودجە لەژێر ئەو رۆشناییەدا، چاکسازییە گشتگیرەکان یەک بە یەک جێبەجێ دەکەین''.
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان کرد و گوتی: ''لە کورتترین ماوەدا دوایین دۆخی پلانی چالاکی مافەکانی مرۆڤ ئامادە دەکەین کە بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە، بەشێوەیەک کەشی متمانە زیاد بکات کە بنەمای ئابوورییە. لەو چوارچێوەیەشدا لە پاڵ هەموو ئەو بەشانەی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ ئامادەکراون بە راوێژ لەگەڵ ئیدارەی ئابووریی و کاری جیهانییدا لە رێگەی فراکسیۆنەکەمانەوە پێشکەش بە پەرلەمانی دەکەین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد پشتیوانی ئابووری تورکیا و لیرەی تورکی بکەن و گوتی: "داوا لە هەموو هاووڵاتییانمان لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات دەکەم، ئەم هەلە هەڵبسەنگێنن و پارە، دراو، زێڕ و سەرمایەکانی دیکەی بەردەستیان بخەنە سیستمی رێگای سامانی ئاشتییەوە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەخنەی توندیشی ئاراستەی گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆن "جەهەپە" کرد و گوتی: "تەمەنمان لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تێڕوانە فاشیستانەیە تێپەڕی کە لەسەر بنەمای بیروباوەڕ، رەچەڵەک، جلوبەرگ و بیرکردنەوە سووکایەتیکردن بە مرۆڤەکان دەکات و لەڕێی فشار و ستەمەوە هەوڵی گۆڕینیان دەدات. یەکەم نوێنەری ئەو تێڕوانینەش جەهەپە-یە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە بەرگرییەکانی جەهەپە ناتوانن راستییەکان بگۆڕن و گوتی: ''ناتوانین چاوپۆشی لەو هەوڵانە بکەین کە دەیانەوێت ئەو راستییە تێکبدەن کە گەورەترین دوژمنی برایانی کورد، رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازە بە چەکداریی و نوێنەرانی سیاسییشیەوە. بە پێچەوانەوە ناتوانین تەماشای رووخساری ئەو دایکانە بکەین کە رووبەڕووی دەستدرێژیی بوونەتەوە و لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستییەوە بە زۆر رۆڵەکانیان رفێندراون بۆ شاخ و بە بەرچاویانەوە راپێچی مەرگ دەکرێن''.
سەرکۆماری تورکیا باسیشی لە بانگەشەکانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو بۆ کتێبێکی سەڵاحەددین دەمیرتاش کرد و گوتی: "هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی هەموویان کتێبێک بخوێننەوە کە تیرۆریستێک نووسیویەتی بەڕاستی منی نیگەران کرد. ئەوەی دەڵێت با هەمووان ئەو کتێبە بخوێننەوە، کەسێکە لەژێر دەمامکی سیاسەتمەدارەوە بەرگری لە رێکخراوێکی تیرۆریستیی جوداخوازی بەرپرسیار لە خوێنی هەزاران خوشک و برای کورد، سەرباز، پۆلیس و مامۆستای وڵاتەکەمان دەکات".