ماردین
ئەو خۆراکە بەھاوکاریی شارەوانییەکانی قزڵتەپە و نوسەیبین کۆکرایەوە و لە شارۆچکەی قزڵتەپەوە لە رێگەی ٢٥ بارھەڵگر گەیەنرانە شاری شەن یورت کە دەکەوێتە سنوری سوریا، رادەستی بەرپرسانی مانگی سوری تورکی کرا. دواتر بەرەو شارۆچکەی دربێسیی سەر بەشاری حەسەکە رەوانە کرا.
بورھان کورھان یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی قزڵتەپە رایگەیاند، مۆڵەتمان لە لایەنە بەرپرسەکان وەرگرتووە بۆ رەوانەکردنی ھاوکارییەکان بۆ سوریا و لەم چوارچێوەیەشدا دەستمان بە ناردنی ھاوکارییەکان کردووە.
کورھان ئاماژەی دا، بەھۆی رووداوەکانی سوریاوە بەردەوام ھاوکاریی زیانلێکەوتووانمان کردووە و لە ئێستا بەدواوەش لە ھاوکاری کردنیان بەردەوام دەبین.
کورھان ھەروەھا گوتی "ماوەی مانگێکە لە ٥ خاڵی جیاوازدا دەستمان بەکۆکردنەوە و بەعەمبارکردنی شەکر، رۆن، برنج، ساوەر، نۆک و کەرەستەی خۆراکی دیکە کردووە و دەستمان کردووە بە ناردینان بۆ سوریا. بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و شارەوانی قزڵتەپە لە شارۆچکەکەدا بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتێکی ٥ مانگیمان وەرگرت. مانگانە ھەڵدەستین بەگەیاندنی ئەو ھاوکارییانە بۆ گەلی رۆژئاوا. ئێستا لە قزڵتەپە ١٥ و لە نوسەیبینش ١٠ بارھەڵگر رەوانە دەکرێ".