Emrah Gökmen,Uğur İslamoğlu
28 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2024
ئیستانبوڵ - AA
لە ھێرشێکی چەکدارییدا بۆ سەر کڵێسایەک لە ئیستانبوڵ، کەسێک کوژرا.
بە پێی زانیارییەکان، دوو کەس ھێرشیان کردووەتە سەر کڵێسای سانتا ماریا لە گەڕەکی ساریەر لە ئیستانبوڵ.
لە ھێرشەکەدا کە تا ئێستا ھۆکارەکەی نەزانراوە، کەسێک لە ئاکامی تەقەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە کوژراوە.
ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس و ھێزەکانی فریاکەوتن ڕەوانەی شوێنەکە کراون و ھەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە بەردەوامن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا وێڕای سەرکۆنەکردنی ھێرشەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاندووە: "بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ١١:٤٠ خولەک، دوو کەس کە دەم و چاویان داپۆشرابوون، ھێرشێکی چەکدارییان کردووەتە سەر کڵێسایەک کە لەو کاتەی ڕێوڕەسمی ئایینی تیایدا بەڕێوەدەچوو، بە داخەوە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، کەسێک گیانی لەدەستداوە. لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەکە دەستی پێکردووە و ھەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە بەردەوامن".