İlkay Güder
29 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
به‌رله‌وه‌ی به‌ڕێبكه‌وێت به‌ره‌و بۆسنه‌وهه‌رسك سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بینالی یڵدرم له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌سه‌نبۆغای ئه‌نقه‌ره، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی سازدا.
بینالی یڵدرم له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی توركیاوه بۆ ئارامی و سه‌قامگیریی وڵاتانی به‌لقان گوتی:
"هێشتا شوێنه‌واری ئازاره‌كانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو له بیری هه‌مووماندایه. له‌به‌رئه‌وه ئه‌ركی هاوبه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌رشانی وڵاتانی ناوچه‌كه تا جارێكی دیكه كاره‌سات و قه‌یرانێكی له‌و جۆره له وڵاتانی به‌لقان روونه‌داته‌وه. ئێمه وه‌ك توركیا ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین له پێناو ئارامی و سه‌قامگیریی وڵاتانی به‌لقاندا".
ناوبراو له‌باره‌ی ده‌سته‌واژه‌ی "پڕۆژه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی" له به‌یاننامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیدا گوتی: "له‌ڕاستیدا ده‌سته‌واژه‌كه روونه. ئه‌م رێكخراوانه له‌خۆوه دروست نه‌بوون. ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه یه‌كێك ئه‌م رێكخراوانه‌ی دروستكردووه. بۆ خزمه‌تكردن به ئامانجه‌كانی كه‌سانێك دروستكراون و ئاراسته ده‌كرێن".
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا له‌باره‌ی پارتی داهاتووی سووریا كه له ژێر كۆنتڕۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی په‌یه‌ده/په‌كه‌كه‌دایه گوتی:
"هه‌میشه گوتومانه ئه‌وانه به‌رده‌وام ناو و شوێنی خۆیان ده‌گۆڕن. له سووریا و عێراق به ناوێكی دیكه دێنه به‌رامبه‌رمان، به‌ڵام كه به‌رگی سه‌ره‌وه‌یان لا ده‌به‌ی به روونی ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وان كێن. ئێمه باشیان ده‌ناسین. جا چ جۆره جلوبه‌رگێكیان پۆشیبێت و به چ ناوێكه‌وه بێن له‌وانه‌یه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ژماره‌یه‌ك له دۆستانمان بخه‌ڵه‌تێنن، به‌ڵام هه‌رگیز كۆماری توركیا و گه‌له خۆشهویستهكهمانیان پێ ههڵناخهڵهتێندرێت".
بینالی یڵدرم باسی له رێككه‌وتنی ئاك پارتی له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په كرد و گوتی: "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په ئه‌نجاممانداوه، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و په‌رله‌مان ده‌گرێته‌وه. تا ئێستا كاری هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی واته شاره‌وانییه‌كانه‌وه نییه".
بینالی یڵدرم كاتژمێر 09:33ی ئه‌مڕۆ بە فڕۆکەیەکی تایبه‌ت به‌ره‌و سارایێڤۆ پایته‌ختی بۆسنه‌وهه‌رسك به‌ڕێكه‌وت.