Abdullah Shukur
02 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2017
قەیسەری -
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم گوتی: "ئەوانەی لە قەندیلن، سەردەستەی تیرۆریستان ھەموو رۆژێک لێدوان دەدەن. دەڵێن ئەگەر دەنگی 'بەڵێ' دەربچێت ئەوا ئێمە کۆتاییمان پێ دێت. بۆیە بەردەوام بن لە ھەڵمەتی دەنگی 'نەخێر'. ئێمە ئەم قەندیلە دەکوژێنینەوە. مۆمی ئەوان دەکوژێنینەوە. رەشەبای گەل مۆمی ئەوان دەکوژێنێتەوە".
یڵدرم لەبارەی گشتپرسی گۆڕانکاری دەستوور کە بڕیارە لە ١٦ی نیسان ئەنجام بدرێت، گوتارێکی بۆ کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە گۆڕەپانی جمھوریەتی شاری قەیسەری پێشکەش کرد.
یڵدرم رایگەیاند کە پەکەکە و فەتۆ و ھەدەپە دەست لە ناو دەست، ھەڵمەتی دەنگی 'نەخێر' بەڕێوە دەبەن، گوتیشی: "لە پاڵ ئەمانە بەشێکی وڵاتانی ئەورووپاش دەستیان بە ھەڵمەتی 'نەخێر' لە گشتپرسی تورکیا کردووە. ئێمە رووبەڕووی ھاوپەیمانیەتیەکی نیازخراپ بووینەتەوە. ئەوانەی لە قەندیلن، سەردەستەی تیرۆریستان ھەموو رۆژێک لێدوان دەدەن. دەڵێن ئەگەر دەنگی 'بەڵێ' دەربچێت ئەوا ئێمە کۆتاییمان پێ دێت. بۆیە بەردەوام بن لە ھەڵمەتی دەنگی 'نەخێر'. ئێمە ئەم قەندیلە دەکوژێنینەوە. مۆمی ئەوان دەکوژێنینەوە. رەشەبای گەل مۆمی ئەوان دەکوژێنێتەوە".
یڵدرم ئاشکراشی کرد تیرۆریستان بە ئاشکرای لە ناوەڕاستی ئەورووپا پڕوپاگەندە بۆ دەنگی 'نەخێر' دەکەن و ھەڕەشەی کوشتن لە سەرکۆماری تورکیا دەکەن.