پاریس - AA
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە میانی یاریی پێش کۆتایی جامی جیهانی ٢٠١٨ی رووسیا، بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە هەڵبژاردەی بەلجیکای بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی مۆندیال، ئەم سەرکەوتنەی هەڵبژاردەکە بووە هۆی خۆشی و شادی لە پاریس پایتەختی فەرەنسا.
سەرکەوتنی فەرەنسا بۆ یاریی کۆتایی مۆندیال بووە هۆی خۆشی و شادی و ئاهەنگ گێڕان لە شەقامەکانی پاریس.
٢٠ هەزار هەواداری هەڵبژاردەکە کە لە شاشەیەکی زەبەلاحەوە لەبەردەمی شارەوانی پاریس تەماشای یارییەکەیان دەکرد، بە ئاڵای وڵاتەکەیانەوە شادی و خۆشیان دەربڕی. ئاهەنگ گێڕانی هەواداران لەگەڵ تەواوبوونی یارییەکەدا و سەرکەوتنی فەرەنسا گەیشتە لووتکە.
سەدان هاندەری هەڵبژاردەی فەرەنسا لە گۆڕەپانی چارلس دی گۆڵ کۆبوونەوە و بە دەم سەماکردنەوە، ئاهەنگی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەیان بۆ یاری کۆتایی گێڕا.
هەڵبژاردەی فەرەنسا رۆژی یەکشەممە ١٥ی تەمووز لە یاریگاری لوژنیکی لە مۆسکۆ لە یاریی کۆتاییدا لەگەڵ براوەی یاری نێوان کرواتیا و ئینگلتەرا یاریی دەکات.