Yunus Kaymaz
17 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2022
دۆحە - AA
سبەی ئەرجەنتین و فەڕەنسا لە یاری کۆتایی جامی جیهانی ٢٠٢٢ کە لە قەتەر بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
یارییەکە کە لە یاریگای لوسائیل، گەورەترین یاریگای پاڵەوانێتییەکە ئەنجام دەدرێت، کاتژمێر ١٨:٠٠ بە فیکەی ناوبژیوانی پۆڵەندی، شیمۆن مارچینیاک دەست پێدەکات.
فەڕەنسا و ئەرجەنتین کە هەریەکەیان لە مێژووی خۆیاندا دوو جار جامەکەیان بەرزکردووەتەوە، رکابەری بۆ بەدەستهێنانی سێیەمین نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
فەڕەنسای پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو، ئەگەر بێت و لە قەتەریش جامەکە بەرزبکاتەوە، دوای ئیتاڵیا و بەرازیل، دەبێتە سێیەم هەڵبژاردە کە دووجار لەسەریەک نازناوەکە دەباتەوە.
ئەرجەنتین کە بۆ جاری شەشەمە لە مێژووی خۆیدا دەگاتە یاری کۆتایی، هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی دوای ٣٦ ساڵ بە نازناوەکە شادبێتەوە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە ساڵی ١٩٧٨ بە ئەنجامی ٣-١ لە هۆڵەندا و لە ساڵی ١٩٨٦ بە ئەنجامی ٢-٣ لە ئەڵمانیای بردەوە. لە یەکەم مۆندیالیشدا لە ساڵی ١٩٣٠دا بە ئەنجامی ٢-٤ بە ئۆرۆگوای دۆڕا، لە ساڵانی ١٩٩٠ و ٢٠١٤یشدا بە ئەنجامی ٠-١ بە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دۆڕا.
- چوارەمین رووبەڕووبوونەوەیانە لە پاڵەوانێتییەکەدا
ئەرجەنتین و فەڕەنسا لە مێژووی مۆندیالدا تا ئێستا سێ جار رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.
ئەرجەنتین لە ساڵانی ١٩٣٠ و ١٩٧٨ بە ئەنجامەکانی ٠-١ و ٢-١ لە قۆناغی کۆمەڵەکان لە فەڕەنسای بردووەتەوە، لە قۆناغی ١٦ی مۆندیالی ٢٠١٨یشدا، فەڕەنسا بە ٣-٤ بردنەوەی تۆمارکردووە.