Mutlu Demirtaştan
08 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2020
ئیستانبوڵ ــ AA
یانەی بارسێلۆنا گەڕایەوە سەر رێچگەی سەرکەوتنەکانی و دوای ئەوەی لە چوارچێوەی یارییەکانی نۆیەمین ھەفتەی خولی ئیسپانیا (٥-٢) لە یانەی ریال بێتیسی بردەوە و سێ خاڵی بەدەستھێنا.
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی نۆیەمی لالیگادا، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال بێتیس رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و یارییەکەیش لە بەرژەوەندی یانە کەتەلۆنییەکە کۆتایی ھات.
لە خولەکی ٢٢ی گێمی یەکەمی یارییەکەدا، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، عوسمان دیمبیلی یەکەم گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، بەڵام لە کاتی زیادکراوەی گێمی یەکەمدا، یاریزانی ریال بێتیس، ئەنتۆنیۆ سانابریا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
لە خولەکی ٤٩ی گێمی دووەمی یارییەکەدا، ھێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، ئەنتوان گریزمان گوڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمار کرد و دواتر ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، لیۆنێل مێسی لە خولەکی ٦٢دا بە لێدانێکی سزا، یانەکەی بە گۆڵێکی دیکە پێشخست.
ھاوکات لە خولەکی ٧٤دا یاریزانی یانەی ریال بێتیس، لۆرینزۆ مۆرن گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی کەمکردەوە، بەڵام لە خولەکی ٨٢دا جارێکی دیکە ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، لیۆنێل مێسی گۆڵی چوارەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
بەر لە تەواوبوونی یارییەکە بە خولەکێک، یاریزانی یانەی بارسیلۆنا، پیدرۆ لۆپێز گۆڵیی پێنجەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکەیش بە ئەنجامی (٥-٢) کۆتایی ھات.
بەم ئەنجامەیش یانەی بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی گەیاندە ١١ خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی ھەشتەمی خولی پلە یەکی ئیسپانیادایە و ریال بێتیس-یش بە کۆکردنەوەی ١٢ خاڵ لە پلەی حەوتەمدا مایەوە.