Muhammet Ali Kemal
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
مەدرید- AA
لەمیانەی رکابەرییەکانی هەفتەی 25 لالیگادا، یانەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 6-1 لە یانەی سپۆرتینگ خیخۆنی بردەوە.
دوای ئەوەی بە ئاسانی لەیانەی خیخۆنی بردەوە، بارسێلۆنا پێنجەم بردنەوەی یەک لەسەریەکی لە لالیگادا تۆمارکرد.
بارسێلۆنا هەر لەسەرەتاوە بە بەهێزیی دەستیپێکرد و لەخولەکی 9دا لەرێگەی گۆڵێکی لیۆنێل میسییەوە ئەنجامەکەی کردە 1-0. دوای دوو خولەک لەو گۆڵە خوان رۆدریگێزی یاریزانی یانەی سپۆرتینگ خیخۆن، گۆڵیکی لەیانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ بارسا کردە 2-0. یانەی میوان لە خولەکی 21 لەرێگەی گۆڵێکی کارلۆس کاسترۆوە جیاوازییەکەی بۆ گۆڵیک کەم کردەوە و ئەنجامەکەی کردە 2-1. بەڵام 6 خولەک دوای ئەوە و لە خولەکی 27دا لویس سوارێزی کەتەلۆنی تۆڕی یانەی خیخۆنی هەژاند و گێمی یەکەمیش هەر بەو ئەنجامە و بە 3-1 لەبەرژەوەندی یانەی خاوەن ماڵ کۆتاییهات.
لەگێمی دووەمدا و دوای هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگا لەشوێنی سوارێز، پاکۆ ئالکاسێر لە خولەکی 49دا گۆڵێکی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی بۆ سێ گۆڵ بەرزکردەوە. پاشان لە خولەکی 65دا لەرێگەی لیدانێکی راستەوخۆوە نەیماری بەرازیلی و یاریزانی یانەی بارسێلۆنا ئەنجامەکەی کردە 5-1. دوایین و 6ەم گۆڵی یانە کەتەلۆنییەکەش لە خولەکی 87دا لەلایەن ئیڤان راکیتیجەوە تۆمارکرا و یارییەکە لەبەرژەوەندیی یانە کەتەلۆنییەکە بەئەنجامی 6-1 دواییهات.
بەم بردنەوەیەش بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی بۆ 57 خاڵ بەرزکردەوە و یانەی سپۆرتینگ خیخۆن تامی 16یەمین شکستی خۆی لە لالیگادا کرد و کۆی خاڵەکانی لە 17 خاڵدا مایەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەستێرەی ئەرژەنتینی و یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، لیۆنێل میسی لەپاڵ ئەوەی گۆڵی ژمارە 21ی خۆی لە لالیگادا تۆمارکرد، سەرکەوتنێکی گرنگی دیکەی بەدەستهێنا. ئەو ئەستێرەیە بووە یەکەم یاریزان کە بەهەریەک لە پێی راست، پێی چەپ، لێدانی سزا، لێدانی راستەوخۆ و سەر، گۆڵی تۆمارکردووە.