دۆحە – AA
لە میانی یارییەکانی پاڵەوانێتی جامی جیھانیی "FIFA" ٢٠٢٢دا لە سەرانسەری جیھانەوە، یەک ملیۆن ٤٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی قەتەریان کردووە.
دوێنێ یەکشەممە یاریی کۆتایی جامی جیھانیی لەنێوان ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ھەڵبژاردەی فەڕەنسا لە یاریگای "لوسیل" ئەنجامدرا کە بەسەرکەوتنی ئەرجەنتین بەسەر فەڕەنسادا کۆتایی ھات.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی قەتەر بڵاوی کردەوە کە لە سەرجەم یارییەکانی مۆندیالدا، سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار هاندەر ئامادەبوون.
تێکڕای ئامادەبوون لە ھەر یارییەکدا، ٥٣ ھەزار ھاندەری تێپەڕاندووە کە توانای کۆی گشتی زیاتر لەسەدا ٩٦ بووە.
ئەمینداری گشتیی لیژنەی باڵای پڕۆژەکان و میرات و سەرۆکی پاڵەوانێتی جامی جیھانیی ٢٠٢٢ی قەتەر، حەسەن زووادی رایگەیاندووە "ئێمە پاڵەوانێتێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشمان رێکخست کە خاڵێکی گرنگ لە میوانداریکردنی رووداوە نێودەوڵەتییە گەورەکاندا".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە رووداوە مێژووییەکە، میراتێکی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و ژینگەیی بۆ قەتەر و وڵاتانی ناوچەکە بەجێدەھێڵێت.
دوێنێ لە دۆحە پایتەختی قەتەر، ئاھەنگیی کۆتایی پاڵەوانێتی جامی جیھانیی ٢٠٢٢، ئەنجامدرا کە لە ٢٠ی تشرینی دووەم تا ١٨ی ئەم مانگە بەردەوام بوو.
ئاھەنگەکەیش لە یاریگای "لوسیل" دوای تەواوبوونی یاریی کۆتایی نێوان ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ھەڵبژاردەی فەڕەنسا ئەنجامدرا.
لە یاری کۆتایی جامی جیھانییدا، ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە لێدانی یەکلاییکەرەوە بە ئەنجامی ٤-٢ لە ھەڵبژاردەی فەڕەنسای بردەوە و سێیەمین نازناوی پاڵەوانێتییەکەی لە مێژوویی خۆیدا، بەدەست ھێنا.