Muhammet Ali Kemal
17 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
چاوەڕوان ناكرێت بڕیارەكەی رووسیا، سعوودیە، ڤهنزوئێلا و قەتەر بۆ جێگیركردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
دوێنێ وەزیری پیشەسازی و وزەی قەتەر محەمەد بن ساڵح ئەلسادە لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند بوو كە هەریەك لە رووسیا، سعوودیە، ڤهنزوئێلا و قەتەر بڕیاریان داوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەئاستی بەرهەمی مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا بهێڵنەوە بەمەرجێك وڵاتانی گەورەی دیكەی بەرهەمهێنەری نەوت بە بڕیارەكەوە پابەند بن.
سەبارەت بە بابەتەكە بەڕێوەبەری بازاڕی كاڵاكان لە (BNP Paribas) هاری چیلینگویریان لە روونكردنەوەیەكیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە كرد كە بانگەشەكان بەمەبەستی هاریكاری كردن بۆ جێگیركردنی نرخی نەوت زیادی كردووە و بەڵام هەموو گوتەكان تا ئێستا لەچوارچێوەی بانگەشەدا ماونەتەوە.
چیلینگویریان سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا کە لە رێككەوتنی دۆحەدا مەرجی ئەوە دانراوە كە وڵاتانی دیكەی بەرهەمهێن پابەندی بڕیارەكە بن و گوتی: ''واتە پێویستە ئێرانیش پابەندی ئەم رێككەوتنە بێت بەڵام لە دۆخی ئێستادا ئەمە ئەگەرێكی زۆر دوورە''.
ئەو شارەزایە پێی وابوو كە بڕیاری جێگیركردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە ئاستی ئێستادا نابێتە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی نەوت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە كەمكردنەوەیەكی بەرچاو لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتدا بێتە ئاراوە و بڕیاری لەسەربدرێت.
سەرۆكی بەشی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان لە زانكۆی ئابووری مۆسكۆ، ڤیتاڵی كازاكۆڤ لای خۆیەوە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو رێككەوتنە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بازاڕەكان نابێت.