Şenhan Bolelli,Abdullah Yasin Güler,Aynur Ekiz
27 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2021
مالاگا - AA
ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا، لە میانی یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەر، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ھەڵبژاردنی نەرویجی بردەوە و بەمەش دووەم بردنەوەی لەسەر یەک تۆمارکرد.
ھەڵبژاردەی تورکیا، لە دووەم یاریدا لە میانی یارییەکانی گرووپی G، لە یاریگای لا رۆزالێدا لە شاری گرانادای ئیسپانیا، رووبەرووی ھەڵبژاردەی نەرویج بوویەوە.
لە دەستپێکی یارییەکەدا و لە خولەکی چوار ئۆزان توفان گۆڵی یەکەمی بۆ ھەڵبژاردەی تورکیا تۆمارکرد و دوای ئەو و لە خولەکی ٢٨دا چاغلار سۆینجو گۆڵی دووەمی تۆمارکردوو و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەم ئەنجامە کۆتاییھات.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، ھاوڕێکانی ھالاند بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ یارییەکە ھاتنەوە ناو یاریگا، بەڵام ئۆزان توفان، جارێکی دیکە ھاتەوە سەر شانۆ و بە پاسێکی چالغانئۆغڵو و لەخولەکی ٥٩دا گۆڵی دوومی خۆی و سێیەمی تورکیای تۆمارکرد.
ھەوڵەکانی ھالاند، لە خولەکی ٦٣دا گۆڵێکی لێکەوتەوە بەڵام بەھۆی ئۆفسایدەوە داوەری یارییەکە گۆڵەکەی ھەژمارنەکرد.
ھاوکات لە خولەکی ٨٠دا یاریزانی نەرویجی کریستیان تۆرستڤێدت کارتێکی سووری وەرگرت و دەرکرایەوە دەرەوەی یاریگا.
تاکو دوا فیکەی داوەرە ئیسپانییەکە ئالیخاندرۆ ھێرناندێز، ئەنجامی یارییەکە ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەر نەھات و ھەڵبژاردەی تورکیا بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە نەرویجی بردەوە و دووەم بردنەوەی لەسەریەکی خۆی لە پاڵاوتنەکە تۆمارکرد.
جێگەی باسە، ھەڵبژاردەی تورکیا بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ و تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە لووتکەی گرووپی Gدایە.