Heman Hussein Yaseen
16 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ئیمارات ھاوکاری تەندروستی پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند کە جگە لە ئیمارات چەند رێکخراو و لایەنی دیکەیش ھاوکاری تەندروستییان پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی لە رێوڕەسمی رادەستکردنی ھاوکارییەکاندا گوتی: "مانگی سووری عێراقی و کۆنسولخانەی ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان، ھاوکاری تەندروستییان پێشکەش بە کوردستان کرد کە بریتیی بوون لە ١٠ ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس و پێداویستی تەندروستی، پێشتریش مانگی سووری ئیماراتی ھاوکاری ھەرێمی کوردستانیی کردووە بۆ ئاوارە و پەنابەران".

ئەوەیشی خستەڕوو کە زۆر رێکخراو و لایەنی دیکە ھاوکاری تەندروستییان پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان کردووە و ئەوە کاری ئێمەی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاسانتر دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەدەچێت و دواتر کۆبوونەوەیەکی دیکەیش لە ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت بۆ دوایین پێشھاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ".
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە داخستنی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و توندکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی کاریگەری ھەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا، بەڵام ھێشتا رێژەی گیانلەدەستدان لە کوردستان بە ڤایرۆسەکە بەرزە، هەروەها ئەوانەیشی کە پێویستیان بە چاودێری چڕ ھەیە ژمارەیان بەرزە.
