Muhammet Kurşun
16 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
تاران- AA
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران، ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان بەو پەتایە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەو هۆیەشەوە حکوومەتی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتەبەر و لەو چوارچێوەیەشدا زۆربەی دووکان و شوێنکارەکان داخران، بەڵام رێوڕەسمەکانی تایبەت بە مانگی مووحەڕەم بەردەوامن.
ئێران لە ئێستادا رووبەڕووی شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا بووەتەوە و لە ١١ی ئابدا ٤٢ هەزار و ٥٤١ حاڵەتی توشبوون بە پەتاکە تۆمار کراون دوێنێش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ٦٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ئەمەش بەرزترین ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لەدەستدانە کە تا ئێستا لە ماوەی یەک رۆژدا لە ئێران تۆمار کرابێت.
بەهۆی کەمی رێژەی بەشداری کردن لە هەڵمەتەکانی کوتان و ئاستەنگەکانی بەردەم دابین کردنی ڤاکسین رۆژانێکی سەختتر چاوەڕێی ئەو وڵاتە دەکەن.
- شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا لە شەپۆلەکانی پێشتر قورسترە
سەرۆکی فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئێران، محەمەد رەزا شانەساز، باسی لەوە کرد کە شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا لە شەپۆلەکانی پێشووتر زۆر قورستر تێدەپەڕێت و رێژەی بەکارهێنانی دەرمانەکانی چارەسەر کردنی توشبووانی کۆرۆنا ١٠ هێندە زیادی کردووە.
بەهۆی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بۆ زیاتر لە ٦٠٠ کەس و زیاد بوونی ژمارەی توشبووان بۆ زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس، ناوەندی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ١٤ی ئابەوە بۆ ماوەی شەش رۆژ سنووردارکردنی هاتوچۆ و پشووی فەرمی، راگەیاند.
بەگوێرەی بڕیارەکە لە ١٦- ٢١ی ئاب فەرمانگەکانی دەوڵەت، بانکەکان، مۆڵەکان و هەموو ئەو دوکان و شوێنە گشتییانە دادەخرێن کە تایبەتنین بە پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتییان.
- وا چاوەڕوان دەکرا رێوڕەسمەکانی مانگی موحەڕەم قەدەغە بکرێن
حکوومەتی تاران، بڕیاری داخستنی فەرمانگە و شوێنە گشتییەکانی دا بەڵام رێوڕەسمەکانی عاشورا و مانگی مووحەڕەم قەدەغە نەکران. لە کاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرا کە رێوڕەسمەکان قەدەغە بکرێن چونکە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا زیاد دەکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی راگەیاندنی پشووەوە هاووڵاتییان روویان لە شارەکانی باکووری ئێران کردووە و لە رێگا سەرەکییەکاندا ریزی درێژی ئۆتۆمبێل لە چاوەڕوانی تێپەڕیندان، ئەمەش بووەتە هۆی گازندە و ناڕەزایی بەرپرسانی تەندروستیی ئەو وڵاتە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا دوێنێ ٦٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٦ هەزار و ٧٣٦ حاڵەتی نوێی توشبوون بە پەتاکەش تۆمار کراون، بەمشێوەیە تا ئێستا ٩٧ هەزار و ٨٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار ملیۆن و ٤٢٥ هەزار و ٨٢١ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراون.