Araz Husseyin
28 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2021
دهۆک - AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دھۆک، ئەفراسیاب موسا رایگەیاند، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆک لە ھەڵکشانێکی زۆردایە و ژمارەی ھەرەزۆری تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە دھۆک تووشبووی جۆری دەلتان.
ئەفراسیاب موسا لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی رەوشی تەندروستیی و ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکەدا کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای دھۆک لەبارەی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کورۆنا گوتی: "تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆک لە ھەڵکشانێکی ئێجگار زۆردایە و ئەو ژمارانەی کە ئێستا رادەگەیێندرێن ژمارەیەکی ئێجگار زۆرە و پێشتر ئەو ژمارەیە تۆمار نەکراوە کە بەشێوەیەک تەنها لە ٢٤ کاتژمێردا، ھەزار و ٥٠٠ کەس لە پارێزگای دھۆک تووشی کۆرۆنا ببن".
ئەفراسیاب موسا گوتیشی: "زۆرێک لە تووشبووانی کۆرۆنا لە دھۆک بارودۆخیان ناجێگیرە و پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە ھەیە و ژمارەیەکی بەرچاویش گیانیان لەدەستداوە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دھۆک لەبارەی جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوتی: "ڤایرۆسی کۆرۆنا شێوەی خۆی دەگوڕێت و ئێستا ژمارەی ھەرەزۆری تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە پارێزگای دھۆک ھەڵگری جۆری دەلتان".
ئەفراسیاب موسا لەبارەی تواناکانی کەرتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک بۆ وەرگرتنی ئەم ژمارە زۆرەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوتی: "لە سەنتەری شاری دھۆک دوو نەخۆشخانەمان تایبەت کردووە بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئەم نەخۆشخانانە شوێنی حەوانەوەی ٢٤٠ نەخۆشیان ھەیە، ئەو نەخۆشانەی کە باری تەندروستییان ناجێگیرە لەم نەخۆشخانانەدا دەمێننەوە، تا ئێستا شوێنەکان پڕنەبوونەتەوە و شوێنی نەخۆشی دیکەیش ھەیە و ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە تەنیا لەم نەخۆشخانانە چارەسەری کۆرۆنا بکەین، چونکە ئەگەر نەخۆشخانەیەکی دیکە تایبەت بکەین بە کۆرۆنا، ئەوا کێشەی نەخۆشەکانی دیکەمان بۆ دروست دەبێت. ئێمە ھەموو دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکانمان لەبەردەستدا ھەیە و توانیومانە تا ئێستاش بارودۆخەکە لەژێر کۆنتروڵدا بێت و پێویستمان بە پلانی دووەم نەبووە، ئەگەر خوانەخواستە بارودۆخەکە ھەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ناچار دەبین پلانی دووەم بگرینەبەر و نەخۆشخانەی ئازادی تەرخان بکەین بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دھۆک باسی لە هەنگاوەکانی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاووڵاتییانەوە کرد و گوتی: "ژمارەی وەرگرتنی ڤاکسین لە پارێزگای دھۆک لە ئاستێکی زۆر باشدایە و تا دوێنی ٩٥ ھەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، تەنها دوێنێ، سێ ھەزار و ٧٠٠ کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، ترس لە وەرگرتنی ڤاکسین لە ھەموو جیھان ھەیە، بەڵام لە پارێزگای دھۆک بەشێوەیەکی زۆر باشە و ڤاکسین لای ئێمە بەسەرناچێت، بە تایبەتیش دوای تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆری تووشبووانی کورۆنا خەڵکی زیاتر ڤاکسین وەردەگرن".
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا تا ئێستا ٧٨ ھەزار و ٣٩٠ کەس لە پارێزگای دھۆک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کە ھەزار و ١٣٤ کەسیان دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ٧٢ ھەزار و ٩٣ کەسیش دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە.