Heman Hussein Yaseen
01 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری ھەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز بەڕێوەچوو.
لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوسمەکە، وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ٤١ حاڵەتی تۆمارکردنی نەخۆشییەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە کە لە کۆی ئەو ژمارەیە تەنها دوو کەسیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن و ئەوانی دیکە بیانین.
سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ساڵانە ھەرێمی کوردستان بەشداری لە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارەدا دەکات و ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەشدارن لە بەرێوەبردنی ئەو ھەڵمەتە کە تیایدا چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت".
سامان مەرزنجی گوتیشی: "لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان ٣٥٠ ھەزار پشکنینی خوێن بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە و تیایدا ٤١ حاڵەتی تووشبوونی تازە بە ڤایرۆسی ئایدز تۆمارکراون کە لەو ژمارەیەس ٣٩ کەس بیانین و دوو کەسیش هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن".
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە کە سەنتەرەکانی وەرگرتنی خوێن، تالاسیما و پشکنینەکانی تاقیگەی گشتی بەشداری لە وەرگرتنی نموونەی خوێندا دەکەن بۆ پشکنینی ئەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستاندا.
ئایدز نەخۆشییەکە دەبێتە ھۆی دابەزینی توانای کۆئەندامی بەرگری لەش کە بەھۆی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی-یەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، ئەم نەخۆشییە بەھۆی سێکس و گواستنەوەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە.
بەپێی ئامارەکان تا ساڵی ٢٠١٨ لە هەرێمی کوردستان ٣٢ حاڵە تۆمارکرابوون و پار ساڵیش بەهۆی بوونی ئەم نەخۆشییە ٢٣ هاووڵاتیی بیانی رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کراونەوە و ئەمساڵیش ٤١ حاڵەت تۆمارکراون کە لەو ژمارەیەش دوو هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن و ئەوانی دیکە بیانین.