Zana Natık Kerem
24 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند کە کەسانی سەروو ١٨ ساڵ، دەتوانن دۆزی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق بڵاوکراوەتەوە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە بەئامانجی زیاترکردنی بەرگریی لەشی ئەو کەسانەی کە سوودمەندبوون لە ڤاکسینەکان و پاراستنیان لە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بڕیاردراوە کە کەسانی سەروو ١٨ ساڵ، دۆزی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن.
باس لەوەش کراوە، بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی لیژنەی زانستیی راوێژکاریی بۆ پرۆگرامی خۆپارێزیی دراوە کە لە ١٥ ئەم مانگە ئەنجامدراوە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا دوو ملیۆن و ١٥٤ ھەزار و ٢٣٧ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٢٤ ھەزار و ٢٨٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ٧٨ ھەزار و ٤٢٢ کەسیش چاکبوونەتەوە.
ھەروەھا تا ئێستا، نۆ ملیۆن و ٥٨ ھەزار و ٦٨ کەس لە عێراق، دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.